كۆنفڕانسی پڕۆژەی بەھێزكردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا لەهەولێر بەڕێوەدەچێت

رێكخراوی ستۆپ و سندوقی نیشتمانیی بۆ دیموكراتی ئەمریكی لە كۆنفڕانسێكدا پڕۆژەیەكی هاوبەشییان خستەڕوو لە ژێر ناونیشانی “پڕۆژەی بەھێزكردنی لێپرسینەوە و سەروەری یاسا” كە ژمارەیەك پەرلەمانتار و نوێنەرانی داواكاری گشتیی و دەستەی دەستپاكی ئامادەی بوون.
لە پێشەكی پڕۆژەكەدا هاتووە: “لەماوەی سێ مانگی رابردوودا لە چوارچێوەی ئەو بەڵێن و پڕۆژانەی بۆ چاكسازی دراون چەند هەنگاوێكی باشیان بڕیووە كە زیاتر خۆیان لە دەستگیركردن و لابردنی هەندێك بەڕێوەبەری كارگێڕی دەبینێتەوە ئەوەیش تەنها لە سنوورێكی دیاریكراودا، واتا هەنگاوەكان گشتگیرنین، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش هەر مایەی خۆشحاڵییە كە لێپرسینەوە هەیە”.
لە كۆنفرانسەكەدا، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، ئەكرەم جەمۆ تیشكی خستە سەر گرنگی پرۆژەكەی و وتی: “ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە بە تایبەت بۆ وڵاتێكی وەكو ئێمە كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، هەرچەندە لەم كۆنفڕانسەدا قسەی زۆر لەسەر گەندەڵی كرا بەڵام ماوەیەكە حكوومەتی هەرێم بە جددی رووبەڕووی ئەو قەیرانە دەبێتەوە و پێویستیشە دامودەزگاكانی چاودێری و پەیوەست بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر هێڵ بن بۆ بنەبڕكردنی كێشەی گەندەڵی”.
لەو كۆنفڕانسەدا خەڵات بەخشرایە ئەو دەزگایانەی كە لەماوەی رابردوودا زانیاری و بەدواداچوونییان بۆ دۆسیەكانی گەندەڵی كردووە و دواتریش سەرۆكی دەستەی دەستپاكی. دكتۆر ئەحمەد دزەیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیشكی خستە سەر ناوەرۆكی كۆنفڕانسەكە و وتی: “ئەو كۆنفرانسانە خزمەت بە پڕۆسەی دەستپاكی دەكەن و ئەو دەزگایەش كاری باش دەكات و دوێنێش راپۆرتمان بەدەست گەیشت و كاری لەسەر دەكەین لە هەمانكاتدا چاودێری ئێوەی میدیا بۆ ئێمە ئێجگار گرنگە و رەخنەكانتان وا دەكات كە بەخۆماندا بچینەوە”.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی وتیشی: “بەشێكی زۆری ئەو دۆسیانەی لەلای ئێمە هەیە ناوی خەڵكی تێدایە و ناكرێت ئێستا هیچ دۆسیەیەك ئاشكرا بكەین، چونكە رەنگە ئەو كەسە لە دادگا بێتاوان دەربچێت، چونكە لەئەگەری بێتاوانبوونی، مافی ئەوەی هەیە سكاڵا بكات و داوای قەرەبوو بكاتەوە”.
ئەحمەد دزەیی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاشكرای كرد كە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بانگهێشتی سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن دەكرێت بۆ راگەیاندنی راپۆرتی شەش مانگی رابردووی دەستەی دەستپاكی و گوتی: “لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگهێشتی سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین بۆ ئەوەی راپۆرتی شەش مانگی رابردوو بخەینەڕوو، لە راپۆرتەكەدا ناوی دەزگا و شوێنەكان هاتووە، بەڵام ناوی هیچ كەسێك نەهاتووە”.
بەشێك لە كاری پڕۆژەكە ئەوەیە كە دوای ئامادەكردنی هەر راپۆرتێك و بەر لەوەی لە پرێس كۆنفرانسێك رابگەیەنرێت ئەوا بە شێوەیەكی فەرمیی كۆپیەك لە راپۆرتەكە ئاراستەی هەریەك لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی و دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی دەكرێت بە مەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە.
لەماوەی رابردوو پڕۆژەی چاكسازی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان،مسعود بارزانی راگەیانرا و بەو هۆیەوەشەوە سێ لێژنە درووستكرا كە بریتین لە لێژنەی پێشمەرگە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دكتۆر فوئاد حوسێن و بە مەبەستی چاكسازی لە هەیكەلیەت و میلاك و یەكخستنەوەی دامودەزگاكانی پێشمەرگە.
لێژنەی دووەمیش بریتی بوو لە لێژنەی زەوی و زار، بە سەرۆكایەتی ئازاد مەلافەندی و ئەندامییەتی 7 كەس لە داواكارانی گشتیی.
لێژنەی سێیەم بریتی بوو لە لێژنەی تەندرووستی كە لە ژمارەیەك ئەندامی تایبەت لە بواری تەندرووستی و نوێنەری داواكاری گشتیی و دیوانی چاودیری دارایی پێكهاتووە.
م. كانی

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.