ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.. ئەزمونی نەیجیریا بە نمونە

فەرمان ڕەشاد

نەیجیریا کە دووەم وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئەفریقیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بەربڵاوی گەندەڵی لە جومگەکانی حوکمڕانی، کە بەهۆیەوە زۆرێک لەدەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تێوەگلاون.
بێزاری خەڵک لە تەشەنەکردنی بەردەوامی گەندەڵی هاندەر بو کە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕی گەندەڵی بکاتە یەکێک لە دروشمە سەرەکیەکانی لە دواین هەڵبژاردن لە مانگی پێنجی ٢٠١٥، لەدەرەنجامدا بۆ یەکەنجار ئۆپۆزسیۆن توانی سەرکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنێت و، محەمەد بوخاری، سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە سەرۆکی وڵات.
لەگەڵ سەرکەوتنیدا بوخاری چەندین گۆڕانکاری گرنگی ئەنجامدا لەپێناو قەڵای چۆی گەندەڵی.
لەیەکەم هەنگاویدا سەروەت و سامانی خۆی و جێگرەکەی بۆ هاوڵاتیان ئاشکراکرد، بەشێوەیەک هەندێک لە میدیاکان بە هەژارترین سەرۆکی ئەفریقی ناویان هێنا.
ئەویش لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵات کە بەهۆی گەندەڵی نەمابوو.
لە مانگی هەشتی ساڵی پار، سیستەمێکی نوێی ژمێریاری لە نەیجیریا ڕاگەیاند، کە تیایدا کۆتایهێنا بەسەدان جۆری پرۆسەی ژمێریای لە وڵاتەکە و، هەموو یەکخست لەژێر سایەی بانکی ناوەندی وڵات.
ئەوەش بۆ کۆتایهێنان بەدیاردەی گەندەڵی کە بەهۆی ئەو هەموو جیاوازییە لەنێوان دامودەزگاکان لە سیستەمی ژمێریاری دروستدەبوو.
لەکۆتایی ساڵی ڕابردو حکومەت سیستەمێکی نوێ و یەکگرتووی بۆ زانیاری تایبەتی و دارایی خستەگەڕ بۆ سەرجەم فەرمانبەران، ئەویش بەدروستکردنی هەژماری بانکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم فەرمانبەران، کە لەپێداچونەوەکان توانرا ٢٤ هەزار فەرمانبەری وەهمی ئەوەی بە زمانی خۆمان پێی دەڵێین بندیوار ئاشکرا بکەن.
بەمەبەستی پێداچونەوە بەکار و ئەرکەکانی دامەزراوەکانی ڕووبەڕووبنەوەی گەندەڵی، حکومەت لیژنەیەکی لە کەسانی پسپۆر و ئەکادیمی ئەو بوارە پێکهێنا، کە لەیەکێک لە پێشنیارەکانی لیژنەکە ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو سەرجەم دامەزراوەکانی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لەژێر چەتری دەزگایەک کۆبکرێنەوە لەپێناو ئەوەی ئاگاداری کار و چالاکیەکانی یەکتر بن و هاوکاری یەکتر بکەن لەپرۆسەکە، حکومەتیش پێشنیارەکەی پەسەندکرد.
لەلایەکی تر حکومەتی نوێ دەستی کرد بەجوڵاندنی کۆمەڵێک کەیسی پێشوو کە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە گومانی زۆریان لەسەر هەبوو، یەکێک لەوانە کەسی سەرۆکی پێشوی بانکی ناوەندی نەیجیریا بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٤ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت ٤٠ ملیۆن دۆلاری نەگەڕاندۆتەوە خەزێنەی حکومەت، دوابەدوای ئەوە لەجێی لێکۆڵینەوە لەقسەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندی سەرۆکی پێشوو دەستبەجێ لە پۆستەکەی لای برد.
بەڵام بەپێکهێنانی حکومەتی نوێ وەزیری پێشووی نەوت ئەلیسۆن مادویکی بەرەو بەریتانیا هەڵات، بەڵام حکومەتی نوێ کەیسێکی لەسەری کردەوە بە تۆمەتی گەندەڵی داوای لە بەریتانیا کرد ناوبراو تەسلیم بە وڵاتەکەی بکاتەوە، بەریتانیاش لە ئۆکۆتبەری ٢٠١٥ ڕەزامەندی لەسەر ئەوداواکاریە پیشاندا.
چیرۆکی راپۆرتی لیژنەی ئۆرۆنسای کە تایبەت بو بە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی لە نەیجیریا کە لەساڵی ٢٠١٢ ئامادەکرابوو بەردەوام باسی گەرمی میدیا و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەبووە، بەڵام حکومەتی پێشوو ئامادەنەبوو چاکسازیەکان ئەنجامبدا، حکومەتی نوێ دەستیکرد بەجێبەجێکردنی پیشنیارەکانی ئەو لیژنەیە، کە تیایدا لە ڕاپۆرتی لیژنەکە هاتبو پێداچونەوە و لێکۆڵینەوە بە ٥٤١ ئاژانس و دەزگای حکومەتی ئەو وڵاتە کرابو، داواکرابوو ١٠٢ دەزگا هەڵوەشێندرێتەوە، هەروەها ٥٢ دەزگای تریان یەکبخرێن.
بۆ ڕێکخستنی بودجەی وڵات حکومەت بڕیاریدا پشت بە سیستەمی “بودجەی سفر”ی ببەستێت، کە مەبەست لێ ی ئەوەیە لەجێی ئەوەی بودجە بەشێوەی تەخمینی ئامادەبکرێت لە سفرەوە بەشێوەیەکی تەواو ئامادەبکرێت، ئەویش لەڕێگای ئەوەی هەر دەزگایەکی بچوک لە وەزارەتێکەوە بۆ نمونە لە قوتابخانەیەک بودجەی پێویستی خۆیان پێشنیاربکەن بۆ سەرەوەی خۆیان، بەو شێوەیەش تاکو دەگاتە وەزارەت.
هەر لە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێ بۆ چاکسازی دەیان بەرپرسی حکومەتەکانی پێشوو ڕەوانەی دادگا کران، لەنێویاندا وەزیری بەرگری و سەرۆکی لیژنەی تاوانە دارایی و ئابورییەکان و سەرۆکی کۆمپانیای نیشتیمانی نەوت و سەرۆکی ئەنجومەنی پیران، بەوهۆیەوە تاکو مانگی شوباتی ئەمساڵ حکومەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ٥٥ کەسیان داوەتە دادگا کە تاوانبار بونە بە بەفیرۆدانی ٦.٨ ملیار دۆلار لەماوەی ٧ ساڵدا، کە وەزیر و چەندین حاکمی ویلایەت و بەرپرسانی بانک و کۆمپیانیاکان دەستیان تێداهەبوە و، دادگایی کراون، دیارترینیان ژەنەرال سابمۆ دسوقی ڕاوێژکاری سەرۆک بۆ کاروباری ئەمنی، ئەویش بەهۆی کورتهێنانی ٢ ملیار دۆلار لەو بودجەیەی کە بۆ شەڕی گروپی بوکۆ حەرام دابین کرابوو.
سەرۆکی نوێ دوای دوو مانگ لەدەستبەکاربونی سەرجەم سەرکردەکانی سوپای لەکارخست، ئەویش بەهۆی شکستیان لەشەڕی دژی گروپی بوکۆ حەرام، هەروەها ٣٨ بەرپرسی باڵای سوپا ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە بەهۆی تێوەگلانیان لە پرۆسەی گەندەڵی.
دوای ئەو گۆڕانکاریانە سوپای ئەو وڵاتە چەندین سەرکەوتنی بەسەر گروپی بوکۆ حەرام تۆمارکردوە کە بەهۆیەوە ٢٧٠ ئافرەت و منداڵ لەژێر دەسەڵاتی بوکۆ حەرام ڕزگارکراون.
لەبەر ئەو بێ متمانەییە زۆرەی هاوڵاتیان ئەو وڵاتە هەیانبو لەبەرامبەر کارەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی هەیانبوو، بەهۆی ئەو گەندەڵیە زۆرەی کە لەو کەرتە دەکرا، حکومەت بڕیاریدا ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڕێوەبەرێکی نوێی دیاریکرد کە دەرچوی زانکۆی هارڤەرد بوو، ئەویش لەگەڵ دەست بەکار بونی ٤٨ فەرمانبەری باڵای لەکارەکانیان دورخستەوە.
ئەوەی باسمانکرد ئەو گۆڕانکاری و چاکسازیە خێراییانە بو کە حکومەتی نوێ ی نێجیریا لەپرۆسەی ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی گرتویەتیە بەر، کە لە ڕاستیدا کاریگەری و جێچەنجەی ئەو هەنگاوانە بەڕوونی بەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە بەدیدەکرێت بەئاراستەی قەڵاچۆی گەندەڵی، چاوەڕێدەکرێت لەو سێ ساڵەی ماویەتی ئەو حکومەتە چەندین هەنگاوی گەورەتر بنێت لەو بوارە.
دواجار ئەگەر حکومەتی هەرێم کە لەئێستادا بەدۆخێکی یەکجار سەخت تێدەپەڕێت هاوشێوەی نەیجییریا هەنگاوی ڕاستەقینەی دژە گەندەڵی بنێت دەتواندرێت ئەنجام و کاریگەری خێرا دروست بکات، بۆیە دەڵێم هەنگاوی ڕاستەقینە چونکە ئەوەی تاکو ئێستا حکومەتی هەرێم لەچاکسازی کردویەتی بەهیچ شێوەیەک شەڕی گەندەڵی نیە، شەڕی گەندەڵی تایبەتمەندی و مەرجی خۆی هەیە، کە سەرەکی ترینیان ئەوەیە دەبێت خەڵکانێک سەرپەرشتی بکەن کە بەشێک نەبن لە تۆڕەکانی گەندەڵی لەئاستی باڵا، ئەویش یان دەبێت حیزبی حوکمڕان خۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ستافی حکومەت بکات و، نیەتی دژایەتی گەندەڵی هەبێت، یاخود دەبێت چاوەڕێ بکەین لەئاییندە ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر هاوشێوەی نێجیریا دەسەڵات بگرێتە دەست و، سەرپەرشتی پرۆسەی شەڕی گەندەڵی بکات.

NRT

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.