گەندەڵی لە دیدی نەوشێروان مستەفاوە

نوسینەوە : تێکۆشەر حسین

گەندەڵی ئێمە دروستمان نەکردووە ، یعنی گەندەڵی ئەوەی کە باسی لێوە دەکرێ ئەوە نیە کە موبالەغە لە زیادکردنیا بکرێ ، گەندەڵی بوە بە دیاردەیەک لە کۆمەڵی کوردیا.

سادەترین تەعریفی گەندەڵی بریتیە لە :

بەدبەکارهێنان یا خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ، بەرژەوەندی شەخسی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خزم و کەس و کار ، ئەمە سادەترین و ئاسانترین تەعریفیەتی.

وەختێ سەیری کۆمەڵی کوردەواری ئەکەی ئەوەی جێگەی داخە گەندەڵی لە کۆمەڵی کوردەواریا بوارە جیا جیاکانی ژیانی گرتۆتەوە ئەتوانی بیکەی بە چەند جۆرێکەوە:

ـ جۆرێکیان گەندەڵی ئیداریە
ـ جۆرێکیان گەندەڵی دارایی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی سیاسی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی ئەخلاقیە
ـ جۆرێک گەندەڵی کۆمەڵایەتیە

کە ئەڵێین گەندەڵی دارایی مەبەستمان لە ئیستغلالی پلە و پایەی حکومەتی یا حزبیە ، مەبەستمان لە ئیستغلالی ئەو دەسەڵاتەیە کە هەندێ لە کاربەدەستان هەیانە بۆ دەوڵەمەندبونی نا مەشڕوعی خۆیان و خزم و کەس و کاریان، ئەویش لە ڕێگەی ئەوەی بەشداربون لە قۆنتەڕات و مقاوەلات ، بەشداربون لە شەریکاتی گەورە لەو کاروبارانەی کە پەیوەندیان بە دارایی گشتیەوە هەیە لەسەر حیسابی دارایی گشتی دەوڵەمەندبونی نامەشڕوع کە بەشێکە لە گەندەڵی دارایی ، سەرەڕای بەرتیل خۆری و دزی و ئیختیلاس و ئەو جۆرە شتانەی کە لە کاروباری حکومەتا ڕوئەدات .

Nawsherwan Mustafa

بەشێکی تری گەندەڵی ، گەندەڵی ئیداریە ، ئەویش ئەوەیە کە دانانی خەڵکی نەشیاوە بە هۆی دڵسۆزی بۆ حزب یا دڵسۆزی بۆ کەس یا دڵسۆزی بۆ لایەنێکی سیاسی بێ ئەوەی گوێ بدرێ بە پێوەرە قانونی و ئیداریەکان ، بە واتایەکی تر پێشێلکردنی هەموو معیارە قانونی و ئیداریەکانە لە هەڵبژاردن و دانان و ڵابردنی کەسەکانی حکومەت .

بەشێکی تریان گەندەڵی سیاسیە کە ئەویش لە سەر ئەساسی محسوبیەت و منسوبیەت ، لەسەر ئەساسی خزمایەتی و هێنانە پێشەوەی خەڵک و پێدانی پلەو پایەی حکومی و حزبی لەسەر ئەساسی وەلائی شەخسی یا وەلائی سیاسی یا وەلائی عائلی کە ئەمە ئەبێ بە سەبەبی ئەوەی کۆمەڵێ خەڵکی بێنە پێشەوە بە دەور و پشت و دەست و پێوەندی ئەو کاربەدەستانە حسابەکرێن.

گەندەڵی ئەخلاقیش ، ئەویش بەشێکی ترە لە کۆمەڵی ئێمە بڵاو بۆتەوە ، ئەویش ئەوەیە ئیستغلال کردنی پلە و پایەی حکومەتی و دروست کردنی پەیوەندی نامەشروع لەگەڵ ژنانە ، بۆ ڕاوە ژن بۆ بەدڕەوشتی.

چارەسەرکردنی :

چارەسەرکردنی ئەمانە لە کۆمەڵی کوردستانا بە یەک شەو و یەک ڕۆژ ناکرێ ، بنبڕکردنەکە پڕۆسەیەکی تەدریجیە ، پڕۆسەیەکە چەند لایەنێکی هەیە :

ـ یەکێ لەم لایەنانە دووبارەبونەوەی هەڵبژارنە لە کاتی خۆیا ، ئەگەر لەوڵاتەکەی ئێمە هەموو چەند ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمان بەشێوەیەکی پاک و ئازاد بکرایە ، هەڵبژاردنی شارەوانیەکان ، هەڵبژارنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، هەڵبژاردنی ڕێکخراوەکانی موجتەمەعی مەدەنی ، حەتا هەڵبژاردنە حزبیەکان ئەگەر لە کاتی خۆیا بکرایە نوێبونەوەیە لە سەرکردایەتی ، نوێبونەوە لە کاربەدەستان و نوێنەرەکان ببوایە بێگومان ئەبێ بەسەبەبی ئەوەی کۆمەڵێک خەڵک سزابدرێ و کۆمەڵێ خەڵک پاداشت بکرێ، وەکۆمەڵێ خەڵکی تازە هەڵبژێردرێ.

ـ یەکێکی تر لە ڕێگاکان ی بنبڕکردنی گەندەڵی کاراکردنی پەرلەمانە ، پەرلەمان بتوانێ میزانیە ئاشکرابکا ، شەفافیەت لە میزانیە هەبێ ، شەفافیەت لە گرێبەست هەبێ ، مەبەستم لە مقاوەلات و قۆنتەراتەکان هەبێ ، بتوانێ لەسەر هەموو ئەوانە لێکۆڵینەوە و تحقیق بکا .

ـ یەکێکی تریان ئەوەیە کە ئێمە هەیئەتێکی نەزاهەی سەربەخۆ و ئازامان هەبێ ، بتوانێ دوای هەموو ئەو کەم و کوڕیانە بکەوێ و تاقیبیان بکات و معاملەی قانونیان لە سەر بکات.

ـ یەکێکی تریان ئەوەیە کە ئێمە سوڵتەیەکی قەزایی سەربەخۆ و ئازامان هەبێ بتوانێ گەورەترین کاربەدەست لەسەر گەندەڵی بدا به دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵا بکا.

ـ یەکێکی تریان ئەوەیە کە ڕۆژنامەوانێکی ئازاد هەبێ ، سەرچاوەی معلوماتی هەبێ ، بتوانێ تعقیبی هەموو ئەو گەندەڵیانە بکات کە لە دام و دەزگاکانی حکومەتا ڕووئەدات ، بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی ڕوونبکاتەوە ، ببێ بە سەرچاوەیەکیش بۆ دادگا و پەرلەمان و لێکۆڵینەوە .

ئەم قسانەی نەوشێروان مستەفا دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیە، لەسەر گەندەڵی و بنەبڕکردنی

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.