لێبوردنى گشتى وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوونى گەندەڵکاران !

م. بۆتان بکر*       

ئەگەر سەیرى تەمەنى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان بکەین؛ دەبینین تا ئێستا دوو یاساى لێبوردنى گشتى دەرچوواندووە بۆ سزادراوان و حوکمدراوان و ڕاگیراوان ئەوانیش : یاساى ژمارەى (٤) ى لێبوردنى گشتى ساڵى  (٢٠٠٧) و یاسای ژمارە (٢) ى لێبوردنى گشتى ساڵى (٢٠١٢) یە، بە لە بەرچاوگرتنى ڕەوشی نا ئاسایی سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتى نێو کۆمەڵگەى ئێستاى کورستان؛ زۆر گرنگ و زەروڕە دەرچوونى یاسای لێبوردنى گشتى لەپارلەمانى کوردستان .

بە شێوەیەکى گشتى دەتوانین بڵێین؛ لێبوردنى گشتى یان لێبوردن و عەفوکردن لەتاوانە ئەنجامدراوەکان؛ بریتیە لە ئاشتبوونەوەیەکى کۆمەڵایەتى و نیشتیمانی، یەکێکە لە کارەکانى سیادەى وڵات  کە تیایدا سیفەتى تاوانى لەسەر ئەو ڕەفتارانە لادەدات کە یاساى سزادان بە تاوان هەژمارى کردون جا چ لە جۆرى (تاوانەکان، یان کەتن، یان سەرپێچی) بن ، بە ڕێگەیەکى قانونى کە دەبێت تشریعى بۆ دەربکرێت لە پارلەمان..

بابەتى لێبوردنى گشتى لەمادەى (١٥٣) لە یاساى سزادانى عێراقی ژمارە (١١١) ى ساڵى (١٩٦٩) ى هەموارکراو باسکراوە و کە دەبێت بە قانون لە پارلەمانى وڵات دەربچوێندرێ، کە دەبێتە مایەى هەڵوەشانەوەى داوا و نەمانى حوکمى تاوانبارکردن و نەمانى گشت سزاکانى ئەصلى وتبعی و تکمیلی کە دەرچووە لە دژی تۆمەتباران  یان حوکمدراوان و ڕاگیراوان.

حیکمەت و ئامانج لە لێبوردنى گشتى ؛ بریتیە لە ڕەخساندنى دەرفەرتێکى تر  بۆ بەندى و دەست بەسەرەکان و سزادراوان و حوکمدراوان وە لەبەرچاوگرتنى ڕەوشى ژیانى خاوو خێزانیان لە لایەنى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و سیاسی ئەوانەى تاوانیان ئەنجام داوە بۆ ئەوەى بەخۆیان دا بچنەوەو بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا ببنە هاوڵاتیەکى چاکەخواز و موصلیح و نیشتیمان پەروەر.

وە جێ بەجێ کردنى یاسای لێبوردنى گشتى دەوەستێتە سەر پاشگەزبوونەوە و لێ خۆشبوونى سکالاکار و لایەنى تاوان لێکراوان یان مافی گشتى، لەهەر قۆناغێک لە قۆناغەکانى پرۆسێسى دادگاى کردن بێت وەک لە بەردەم دادوەرى دادگاى لێکۆڵینەوە یان لەبەردەم دادگاى تایبەتمەند و موختص یاخود دواى دەرچوونى بڕیار وحوکم بێت. بەپێچەوانەوە ئەگەر مصالحە و ئاشتبوونەوە ئەنجامنەدراو نەکرا لەگەڵ لایەنى تاوان لێکراو، ئەوا دەکرێت بە دەقێکى یاسایی تخفیضاتى عقوبەکە بکرێت بەنمونە لە سەدا ٢٠ یان ٣٠ ڕێژەى قورسی سزاکە کەم بکرێتەوە بە ئامانجى ئەوەى افراج شرطى شمولیان بکات.

دەرەنجامەکانى لێبوردنى گشتى لە سێ لایەنى سەرەکیەوە دەبێت، لە یەکەمیان کاتێ لێ بوردنى گشتى بەیاسا دەردەچێت دەبێتە مایەى ئەوەى کە سیفەى تاوانى لە سلوکە تاوانیەکە هەڵدەگرێت و نامێنێت و بەکارێکى ڕێپێدراو دادەنرێت ئەو کردەوە تاوانیە، واتە بەهۆی یاساى لێبوردنى گشتى یاساى سزادانى وڵات بە تعطیل و لەکارکەوتوو دادەنرێت، بەڵام لە ئاسەوارى دووەمیاندا، لایەنى مەدەنى دەگرێتەوە وەک پابەندیەک لەسەر بکەرى کردارە تاوانیەکە هەر دەمێنێت بەڵام وەک تاوانێک نا، بەڵکو وەک مافێک بۆ لایەنى زەرەرمەند بۆ ئەوەى بتوانن لەبەردەم دادگاکانى بەرایی مطالبەى مافەکانیان بکەن. وە دەرەنجامى سێ یەمى لێبوردنى گشتى ئەوەیە هەموو مافەکان بۆ تاوانبار یان تۆمەتبار دەگەڕێتەوە کاتێ بەهۆى ئەو تاوانەوە لەدەستى دابوو وەکو سزاکانى تأدیبی و  انظباطی، بە نمونە کاتى خۆی فەرمانبەر بووە بەهۆى ئەم کردەوە تاوانیەوە وەزیفەکەى لەدەست دابوو بەهۆی عفوى عامەوە وەرى دەگرێتەوە.

لێبوردنى گشتى هەموو جۆرە تاوانێک ناگرێتەوە وەک تاوانەکانى تیرۆرستى یان زیان گەیاندن بە ئەمن و سەلامەى دەوڵەت یان تاوانەکانى اختلاس و تزویر و دزى کوشتنى لەگەڵدا بێت، یان تاوانەکانى زیناو غسلى عار و نێربازى  و بازرگانى کردن بە مادەى بێهۆشکەر.

“ڕەنگە ببێتە دەرچەیەک یان ڕێگایەک بۆ دەربازبوونى تۆمەتباران یان تاوانبارانى گەندەڵکار”

لێرەدا زۆر زەڕور و پێویستە تاوانەکانى بەهەدەردانى سامانى گشتى و موڵک و ماڵى گشتى بەدەقێکى یاسایی لەنێو یاساى لێبوردنى گشتى بێت بۆ ئەوەى شمولى ئەو جۆرە تاوانانەش نەکات کە زیان بە داهاتى گشتى دەگەیەنێت، چونکە ئەگەر وانەبێت هەموو ئەو هەوڵانە لەبار دەبات کە پێکهێنراون بۆ سزادانى کەسانى گەندەڵکار لەلایەن سەرۆکایەتى داواکارى گشتی و دەستەى دەسپاکى، ڕەنگە ببێتە دەرچەیەک یان ڕێگایەک بۆ دەربازبوونى تۆمەتباران یان تاوانبارانى گەندەڵکار.

ئالیەتى جێ بەجێ کردنى لێبوردنى گشتى ئەوەیە کە دەبێت لێژنەیەک پێکبێت بە سەرۆکایەتى دادوەرێک لەپۆڵێنى دووەم بێت و ئەندامیەتى هەریەک لە وەزارەتەکانى دادو ناوخۆ و کاروبارى کۆمەلایەتى و سەرۆکایەتى داواکارى گشتى لەماوەى چەند ڕۆژێکى دیارى کراو هەڵبستن بەجێ بەجێ کردنى یاساکە. بڕیارەکانى ئەم لێژنەیەش قابیلى تانە لێدان دەبن لەبەردەم دادگاى تمییز لەماوەیەکدا کە یاساکە دیارى دەکات.

 


*مامۆساتى زانکۆ و سەرۆكی دەستەى مافی گشتى

 

 

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.