کۆمەڵگای حیزبی و کۆمەڵگای مەدەنی

محەمەد ئەحمەد

گەر کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی حیزبی بوو ئەوپەری شتێک کە بتوانێت بیکات لادانی حیزبێکە لە دەسەڵات و ھێنانی حیزبێکی ترە بۆ شوێنی و ھیچیتر ،، واتە بەبێ ئەوەی ھیچ گۆرانکاریەکی جەوھەری بھێنێتە کایەوە کە تیایدا بە ماف و ئازادیەکانی خۆی بگات .

ئەم لادانەش ھەرگیز بە ئاشتیانە ڕوونادات و ھەمیشە تێکدانی وڵاتی بەدواوە دێت چونکە لە حاڵەتێکی ئاوادا خەڵک بە گشتی دابەش بووە بەسەر چەند حیزبێکی دژیەک کە ھەر کەسێک بەرژەوەندی خۆی لە بەدەسەڵاتگەیاندی حیزبەکەی دەبینێتەوە.

لەم جۆرە کۆمەڵگایە جەماوەری و بە حیزبیکراوانەدا شتێک نامێنێتەوە بەناوی ھێزی کۆمەڵگەی مەدەنی تا بتوانێت ھۆشیارانە سنوری دەسەڵات دیاریبکات و دەسەڵات ملکەچ بکات بۆ سیستەمێکی دیموکراسی بە رێکارە مەدەنیەکانی . گەر ھەشبێت ئەوەندە لاوازە ناتوانێت ببێتە ھێزێک و کاریگەری بنوێنێت لەسەر دەسەڵات چونکە ئەوەی ھەیە بوونی جەماوەرێکی حەماسیە کە کوێرانە و بەبێ ھۆشیاری لەسەر بنەمای رق لە ئەویتر و لە حیزبەکەیتر بەسەر چەند حیزبێک دابەشبوونە. بەم پێیەش حیزبەکەی خۆی چەندە خراپ و گەندەڵ و تاوانکار بێت بەڵام لە رقی حیزبەکانیتر ھەر کوێرانە پشتگیری لێ دەکات.

کێشە گەورەکەش لێرەیە کە ھەر تاک وگڕوپ و کۆمەڵەیەک بەرژەوەندیان دەکەوێتە حیزبێک . بەمەش بەرژەوەندیەکانی تاک و گروپ و کۆمەڵەکانی ناو کۆمەڵگا ھەمووی دژیەک دەبێت . ئیتر وای لێدێت ھاتنەکایەی بەرژەوەندی کەس و گروپێک لەسەر حیسابی کۆمەڵە کەس و گڕوپێکیتر دەبێت. ئەمەش (بەرژەوەندی ھاوبەش) لە ناودەبات کە ڕۆحی کۆمەڵگای مرۆیی و سەقامگیریەکەیەتی .

لە ئەنجامدا کۆمەڵگا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان حیزبەسیاسیەکان پشت ئەستوور بە جەماوەرێکی حەماسی نا عەقڵانی کە ھیچ کامیان ئەویتری قبوڵ نیە.بەمەش خەڵک لە جیاتی شەڕی گۆڕینی سیستەم بکات لە حیزبسالاریەوە بۆ دامەزراوە و یاساسالاری ئەوا شەڕی گۆڕینی کەسەکان دەکات . وە ھەر گڕوپ و کۆمەڵەیەک ھەوڵدەدات بتەکەی ئەویتر لابدات و بتەکەی خۆی لە شوێنی ئەودا بنێت. بەمەش لە ئەنجامدا ھەر ھەمان سیستەمی حیزبسالاری بەرھەمدێتەوە .

لە بارودۆخ و واقعێکی لەم چەشنەشدا :
سەقامگیری یەکسانە بە چەقبەستووی و دیکتاتۆری
گۆرانکاریش یەکسانە بە فەوزا و نا سەقامگیری .

چونکە شتێک نیە بەناوی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەھێز و یەکگرتوو و رێکخراو تا بتوانێت کاریگەری لەسەر حیزبە سیاسیەکان دابنێت و ، رێگە نەدات تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا لە حیزبەکان بتاوێننەوە و ببنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندی حیزبەکان. بەڵکو حیزبەکان تەواو کۆنترۆڵی جەماوەر و فەزای گشتی کۆمەڵگایان کردووە . ھەر حیزبێک بەرژەوەندی کۆمەڵە کەسانێکی بەخۆیەوە لکاندووە . بەمەش تاک و گروپەکانی نێو کۆمەڵگا ھەمیشە ئامادەن شەڕ بکەن بۆ بە دەسەڵاتگەیاندنی حیزبەکانیان یاخود ھێشتنەوەیان لە دەسەڵات.

ئیدی گەر حیزبی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت خەڵک بێنێتە سەر شەقام بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵات ئەوا لەبەرامبەردا حیزبی دەسەڵاتیش دەتوانێت ھێندەی ئەوان و بگرە زیاتریش خەڵک بێنێتە سەر شەقام بۆ پشتگیریکردنی دەسەڵات و سیستەمی باو.

بۆ وێنە وەک ئەوەی لە ھەولێر بینیمان لە کاردانەوەی نارەزایەتیەکانی ١٧ ی شوبات ، کە بە ئەندازەی خەڵکی نارازی و دژە دەسەڵات ، خەڵکی پشتگیریکاری دەسەڵات ھاتبوونە سەر شەقام .

یاخود وەک ئەوەی لە مصر بینیمان جارێک ئیخوانەکان خۆپێشاندنی ملیۆنیان ئەنجامدەدا تا دەسەڵاتیان گرتە دەست بەڵام دوای ئەوە لایەنگرانی سیسی و سیکۆلارەکان خۆپێشاندنی ملیۆنیان ئەنجامدەدا دژی دەسەڵاتی ئیخوانەکان …. دواتر دیسان ئیخوانەکان دژی سیسی ئەنجامیاندەدا.

لەم حاڵەتەشدا لە ئەنجامی نەبوونی ھێزێکی مەدەنی رێکخراو و پەروەردەکراو و کاریگەر کە بتوانێت ھێزی کۆمەڵگە گلبداتەوە و لە دەستی حیزبەکان دەربازیان بکات ئەوا نارەزاییەتیەکان دەچنەوە چوارچێوەی ململانێی حیزبایەتی . کاتێک ململانێکانیش بە حیزبی بوون لە ئەنجامدا ئەوەی سەردەکەوێت ھەر حیزبی دەسەڵاتدارە چونکە ھەموو ئامرازەکانی ترس و تۆقاندنی لە بەردەستە. تەنھا لە حاڵەتێکدا حیزبی ئۆپۆزسیۆن ئەگەری سەرکەوتنی ھەیە کە پشتگیریەکی بەھێزی دەرەکی ھەبێت ئەمەش رەنگە ھەمان دۆخی سوریا و یەمەن و لیبیایامان بۆ بەدەستە بدات.

ھەر بۆیە کۆمەڵگا بۆ رزگارکردنی خۆی نابێت پشت بە حیزبە سیاسیەکان ببەستێت و، چاوی لەوە بێت حیزبێک یان سەرکردەیەکی دادپەروەر و چاکەکار بێنێتە سەر دەسەڵات تا سیستەمێکی ئەوپەری دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بھێنێتە کایەوە . چونکە لەلایەک گەر حیزبە جەماوەریەکان گەیشتنە سەر دەسەڵات ھەر دەتوانن خەریکی ئەوەبن کە پۆست و پێگە و جومگە بنەرەتیەکان و سەرچاوەکانی دەسەڵات و داریی بخەنە دەست ئەندام و لایەنگرانیان تا بتوانن دەسەڵاتیان بەشێوەک پتەو بکەن کە بۆ ھەرگیز لانەچن، بێگومان ئەمەش لەسەر حیسابی پشتگوێ خستنی ئەوانیترە.

لە لایەکتر ئەم جۆرە روانینە ھی مرۆڤی کۆنە کە ھەمیشە دوعایان دەکرد خوا سەرکردەیەکی باش و چاکەکاریان بۆ بنێرێت. بەڵام مرۆڤی ئازا و ئازادی ئەم سەردەمە دەبێت خۆی دەسەڵات ملکەچ بکات بۆ سیستەمێک کە ھەم سنوری دەسەڵات دیاریبکات ھەم ماف و ئازادیەکانی تێدا بەرجەستە بکات.

واتە دەبێت کۆمەڵگا خۆی بەم ئەرکە ھەڵسێت نەک ئەم ئەرکە بە کەسانی حیزبی بسپێرێ و ھەموو رۆژێک خەریکی لادان و ھێنانی حیزب و رژێمێک بێت .
بێگومان ئەم لادانەی حیزبەکان لەسەر دەسەڵات شتێکی زەڕوورە وبنەمایەکی بەردەوامبوونی سیستەمی دیموکراسیە بەڵام ئەو کاتەی کە کۆمەڵگایەکی مەدەنی پێی ھەڵسێ نەک کۆمەڵگایەکی جەماوەری کە مۆبیلیزەکراوی دەستی حیزبەکان بێت.

چونکە لە حاڵەتی کۆمەڵگایەکی جەماوەری و بە حیزبیکراو دا گەر تۆ ئەم ئەرکەت بە حیزبی A سپارد ، ئەوا کەسانێکیتر ئەم ئەرکە بە حیزبی B دەسپێرن ، ئیتر بۆ C و D ….. ھتد . بەمەش یەکێتی کۆمەڵاتی کۆمەڵگەی مەدەنی لاواز و پارچە پارچە دەبێت ، وە ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی توند دروست دەبێت و ھەر لایەنێک کوێرانەو دەمارگیرانە بەرگری لە حیزبەکەی خۆی دەکات .

لەسەرئەنجامیشدا ئەوەی بە ھێز دەبێت حیزبە سیاسیەکانن ، ئەوەی زەرەرمەند و لاوازیش دەبێت کۆمەڵگایە.

بۆیە یەکێک لە چارەسەریە گرینگەکان بنیادنانی ھێزی کۆمەڵگای مەدەنیە بەرامبەر ھێزی دەسەڵات . بۆ ئەمەش دەبێت خەڵک ھەموو لە بەرەی کۆمەڵگای مەدەنی رێکبخرێت و دەسەڵاتیش بە مانا گشتیەکەی بخەنە بەرەیەک نەک بە مانا تەسکەکەی کە تەنھا بریتی بێت لە حیزبی دەسەڵاتدار .

بێگومان ئەم بەرەی خەڵکە دەبێت لە لایەن نوخبەیەکی ئەکادیمی و رۆشنبیری بێ لایەن و خەمخۆرەوە رێکبخرێت و پەروەردە بکرێت و پێ بگەینرێت و سەرکردایەتی بکرێت ، خاوەن رۆشنبیریەکی سیاسی باش و ئامانجداربن بزانن کە چی دەکەن و بۆچی دەیکەن وە بە چ شێوازێک دەیکەن وە چ شتێک دەگۆرن.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.