” بەرپرسی هەرێم هەیە ١٥ پاسەوان هاتوچۆ بە كوڕ و كچەكەی دەكات”

 

ئەندامێكی لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت “چاكسازی لەسەرەوە بۆ خوارەوەیە، واتا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستپێدەكات، تا دەگاتە فەرمانبەرێكی ئاسایی، چونكە “ناكرێت بەرپرسێك ١٥ پاسەوانی تەنیا بۆ ئەوە هەبێت هاتوچۆ بە كچ و كوڕەكەی بكات بۆ چوون بۆ زانكۆ”.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند، چاكسازی دەستیپیكردووە هەردوو حزبە گەورەكەی كوردستان كە یەكێتی و پارتین، پشتیوانی تەواوی دەكەن و دەیانەوێت چیتر بەهەدەردانی سامانی گشتی نەمێنێت و خەڵكی موستەحەق ببێتە قوربانی خەڵكی نایاسایی و گەندەڵی و بێسەروبەری، بۆیە چاكسازی لە سەرۆكی حكومەتەوە دەستی پێكردووە تا دەگاتە بچوكترین فەرمانبەر”.
وتیشی “یەكەم هەنگاو چیتر خانەنشینی وەزیران، پەرلەمانتاران، سەرۆك و جێگری حكومەت و راوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتی، بەڕێوەبەرانی دەزگاكان هەروا ئاسان نییە، بەڵكو لەڕێگای یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت كە پێویستە تەمەنی سەرووی ٥٠ ساڵ بێت و ١٥ ساڵیش خزمەتی هەبێت، ئەگەر نا خانەنشین نابێت”.
فرسەت سۆفی ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەوانەی پۆستیان نەبووە و بە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، هەڵدەوەشێتەوە، ئەوانەشی پێشتر تا ساڵی ١٩٩٢ پێشمەرگە بوون لەشاخ و بە پلەی بەرز خانەنشین بوون، ئەوا وەك خۆی دەمێنێتەوە، چونكە حەقی خۆیەتی ئەوانە دەخرێنە ناو لیستی قانونی رێزلێنانی پێشمەرگە”.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دەستپاكی، ئەوەشی خستەڕوو، موچەی زۆر نایاسایی هەیە و دەبێت ببڕێت كەسانێك هەن بەرپرس بوون، كۆچی دوایی كردووە پاسەوانەكانی ماوە، بۆیە دەبێت ئەو پاسەوانانە نەمێنن”.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەرپرس هەیە ١٥ پاسەوانی هەیە كە تەنیا بۆ چوونە زانكۆ ئاگاداری كچ و كوڕەكانی دەبن، كە ئەوانەش نایاسایین و دەبێت نەمێنن.
دەشلێت “سەرجەمی ئەوانەی لە ئەوروپان، موچەیان دەبڕێت كە سۆشیاڵیشیان هەیە و لێرەش موچە وەردەگرن”.

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.