یاسای خانەنشینی موچە پلە باڵاکان

تێكۆشه‌ر حسێن

بڕیار وایە پەرلەمان لە ۱۰ ـ ۱ دا واتا ڕۆژی چوارشەممە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە یاسایەک بکا لەناویشیاندا (یاسای خانەنشینی موچە پلە باڵاکانە) بەجۆرێک لە خولی سێیەمی پەرلەمان دا بوو بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمان کرد کە تایبەت بوو بە یاسای خانەنشینی، بەڵام ئەوسا لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ نەکرا .

بۆ پێداچونەوە بە سیستمی موچە ئەو کاتە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێی (د.یوسف محمد صادق) کە پڕۆژە یاسایەکی ئامادە کردبوو تایبەت بە یاسای خانەنشینی لەڕێی ھاوڕێکانیەوە لە خولی سێیەم پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، بەڵام لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە بخرێتە کاری بەرنامەوە تەنانەت تاوەکو خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ بکرێت. چونکە لە خولی سێیەم باو باوی فرسەت ھێنان بوو لە تێپەڕاندنی یاساکان لە پارلەمان بە بەرژەوەندی ھەردوو حزبی دەسەڵات وەک یاسای بوجەی ئەحزاب و یاسای خۆ پیشاندان و …ھتد.

بەھەر حاڵ ئێستا بڕیار وایە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بکات ، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی داوە بەڵام لە بنەڕەتدا خودی پڕۆژە یاساکە ھی بزووتنەوەی گۆڕان بوو ، بززاتیش لەناو گۆڕان خودی دکتۆر یوسف بوو ئامادەی کردبوو کە ئێستا سەرۆکی دەستلەکار کێشاوەی پەرلەمانە . مەبەستیشمان لێی ئەوە نیە بیفرۆشینەوە بە ھەر لایەنێک یا خوانەخواستە موزایەدەی سیاسی پێوەبکەین ، بەڵام وەک بەرچاو ڕونیەک بێ یا نیەت پاکی بێ باشترە ھەموو لایەک بیزانی ئێمە لە زوەوە بە چارەسەر و میکانیزمێکی گونجاومان داناوە لە بەرگرتن بە بڵاو بونەوەی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و تەخشان و پەخشان و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت .

وەک وەبیرھێنانەوەیەک ( نێچیرڤان بارزانی ) سەرۆکی حکومەت لە بەرواری ۱٦ ـ ٦ ـ ۲۰۱٦ لە دانیشتێکدا لە ھۆڵی (سعد عبداللە) لە ھەولێر بە بەرچاوی کامێرا و میدیاکارانی پارتی ڕایگەیاند: “ھیچ خانەنشینیەک نیە لە موچە پلە باڵاکان و موچە خۆر بە گشتی لە ھەرێم دابمەزرابێتن یا خانەنشین کرابێتن بە بێ ئاگایی پارتی و یەکێتی! ”

ئەم دانیشتنەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدابووە تایبەت بوە بە ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکارانی پارتیەوە ، ئەگەر بێ و دیقەت بدەینە ئەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی دیارە کە مەبەست چیە کە لە ئێستادا دێن خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاساکە دەکەن و دەیانەوێ بیخەنە کاری بەرنامەوە بۆ دانیشتنی ۱۰ ی مانگ ئەوەیش خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و موزایەدەی پێش ھەڵبژادن و ڕووسپی کردنەەی حکومەتە شکست خواردووەکە نەبێت ھیچی تر نیە ، چونکە لە ئێستادا حکومەت وەک مەلەوانە درۆزنەکەی لێھاتووە لە پەلەقاژەی مەرگ نزیک بوەتەوە دەست بۆ چلە پوشەکانیش دەبات ، نا لە بەر ئەوەی خزمەت بکا ، بەڵکو تەنھا بۆ مانەوەی خۆی ئەیەوێ وا نیشانی ھاونیشتمانیان بدا بەڵێ چاکسازیەکانی دەستپێکردوە ، بەجددی لە خەمی قوتی خەڵک دایە ، لە بەشێکی تری کاری بەرنامەی پەرلەماندا ھاتووە (تعریب) کردن لەناوچە کوردستانیە جێناکۆکەکان بخاتە بەردەم خوێندنەوەی یەکەم ئەمەش لەکاتێکدایە سەرانی ھەردوو حزب زیاتر لە ٥۱ ی خاکی کوردستانیان لە دەست داوە تازە بەتازە دێن خوێندنەوەی یەکەم بۆچی دەکەن .

بەڵام ئەو حکومەتە نە ئەوەیە چاکسازی بکات ، نە ئەوەیە بڕوات و وازبێنێت و استقالە بکا ، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ئیقالەی پێبکرێت بۆ ئەوەی ھەرچی زووە نەجاتمان بێ لێی .

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.