سەنگافوریەکان بەچی موعجیزەیان خولقاند!

فەرمان رەشاد

ئەگەر بمانەوێ ھەر ریفۆرمێکی بنەڕەتی لە سیستەمی بەرێوەبردنی کوردستان بکەین بەدڵنیایی یەکێک لەو ئەزمونانەی پێویستە بیکەینە رێبەری خۆمان سەنگافورایە، کە پیاوێکی مەزنی وەک “لی کوان یو” سی ساڵ سەرۆک وەزیرانی بو، لەکتابەکە بەناوبانگەکەی بەناوی “چیرۆکی سەنگافورا” کە یەکێکە بە بەرھەمە ناوازەکان کە چیرۆکی ئەو شۆڕشە ریفۆرمە دەگێرێتەوە کە لە وڵاتەکەی بەرپای کرد، لە بەشێکی کتێبەکە دەڵێت لە ١٩٥٩ کە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانم وەرگت داھاتی تاک ٤٠٠ دۆلاربوو، کاتێکیش لە ١٩٩٠ دەستبەرداری دەسەڵات بووم داھاتی تاک گەیشتە ١١٢٠٠ دۆلار، لە ساڵی ٢٠٠٠ گەیشتە ٢٢٠٠٠ دۆلار، لێرە چەند وێستگەیەکی ناو کتابەکە دەخەمە بەرچاوتان تا بزانن ئەو پیاوە بەچی سەنگافورای لە کۆمەڵێک زۆنگاوەوە کردە یەکێک لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتوەکانی دنیا

دەڵێ کاتێک دەسەڵاتم وەرگرت بڕیارمدا بەر لەوەی داوا لە گەنجان بکەم ببنە سەرباز، دەبێت ھەر خێزانێک ببێتە خاوەنی خانوی خۆی، بۆ ئەوەی کە چوە شەڕ بیر لەوە نەکاتەوە کە ئەو لەپێناو دەوڵەمەندەکان شەڕدەکات و، خاوەنی ھیچ نیە، ئەگەر خاوەنی خانوو ئەوکات دڵنیایە کە ئەویش پشکێکی لەخێرو بێری ئەو وڵاتە بەرکەوتوە دەبێت لەپێناویدا ئامادەبێت خۆی بەخت بکات.

کاتێک بڕیارماندا دەست بکەین بەھێنانی سەرمایەگوزاری و کۆمپانیا گەورەکانی دنیا، چەندین نوێنەرمان بۆلای کۆمپانیا گەورەکان نارد، لەوڵاتان رۆژانە نوێنەرەکانمان دەچونە لای دەیان کۆمپانیا تا قەناعەتیان پێ بکەن بێن لە وڵاتەکەمان پیشەسازی و کاری بەرھەم ھێنان بکەن، ھەر یەکێک لەو نوێنەرانەمان نەخشەیەکی لابو، چونکە زۆرێک لە کۆمپانیاکان تەنانەت نەیان دەزانی سەنگافوراش کەوتۆتە کوێ. رۆژ ھەبو لە دەیان کۆمپانیا تەنھا یەکێکیان رازی دەبوو تەنھا سەردانی وڵاتەکەمان بکات.

رۆژێک یەکێک لەھاوڕێ وەزیرەکانم بەلای قوتابخانەیەکی سەرەتایی رەت ببو، لەوکاتە بینی بوی ئەو ھەموو منداڵە لەقوتابخانە دەخوێنن و دەبێت لەئاییندە کاریان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە بە خەمباری ھات باسی ئەوەی کرد کە ئێمە چ ئەرکێکی قورسمان لەسەرشانە!

لەو رۆژەی دەسەڵاتمان وەرگرت بڕیارماندا جلی خزمەتکردن بپۆشین و دژی گەندەڵی و بەکارھێنانی سامان لەپێناو بەژەوەندی شەخسی وەستاینەوە.

دواجار پێم وایە ھیچ شتێک مەحاڵ نیە ئەگەر سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر و دووربین ھەبن، کە لەدۆڵێک نەژین و میللەتیش لەدۆڵێکی تر, سەنگافورا کە دەستیان پێکرد نە خاوەنی نەوت بون نە سامانی سروشتی تر، بەڵکو وەک لی کوان یو لەکتابەکەی دەیڵێت متمانە و بڕوابون بە توانای ناوخۆیی و پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی بەسەر بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی ئەو موعجیزەی خولقاند.

واتە ئەگەر حکومڕانان لە ناخی خۆیاندا بڕیاری یەکلاکەرەوە نەدەن بۆ دەستھەڵگرتن لە بەرژەوەندی خۆیان و و چاوپۆشی نەکردن لەگەندەڵی دەوروبەرەکەیان ھیچ چاکسازیەک ناگاتە ئەنجامی دڵخۆشکەر بۆ خەڵک.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.