سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی داواکاری گشتی سلێمانی چەندین نھێنی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات

ميدياى stop

حاكم بەختیار على سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی داواکاری گشتی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، ئەمڕۆ(هەینی) لەبارەی دەستبەرداربونی لەپۆستەكەی رایگەیاندوە”ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ ڕون بكه‌مه‌وه‌ كه ‌ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له (١٥-١-٢٠١٧) داوام پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز وه‌زیری داد كرد كه‌ بمبه‌خشێت له‌پۆسته‌كه‌م له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار كه‌ ئاماژه‌م پێدابو له‌ داواكارییه‌كه‌ چونكه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك سكاڵمان جوڵاندبو، سكاڵاكانیش په‌یوه‌ندییان هه‌بو به‌ بابه‌تی گه‌نده‌ڵی و تاوانكاری و‌ هه‌ندێك بابه‌تی تر كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌كوردستاندا له‌داموده‌زگاكاندا كاروباره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خراپ به‌ڕێوه‌ده‌چێت ،ئه‌ویش له‌ئه‌نجامی پاشه‌كه‌وتی موچه‌،‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندان و بایكۆتكردنی ده‌وام، هه‌روه‌ها یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیانه‌ قورس بو، بۆیه‌ من به‌باشم زانی و داواكارییه‌كم پێشكه‌ش كرد به‌جه‌نابی وه‌زیر به‌ڵام له‌سه‌ر داواكاری جه‌نابیان من له‌پۆسته‌كه‌م مامه‌وه‌ واته‌ لابردن له‌پۆسته‌كه‌م داواكاری پێشتری خۆمی تێدابو.”

 

وتوشیەتی”دیاره‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا كۆمه‌ڵێك شتی تر ڕویانداوه‌ كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی ترمان جوڵاند ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تری نیگه‌ران كرد به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتدان ڕه‌نگه‌ داواكاری ئێمە‌ بۆ دروستكردنی فشار، بۆ خۆی هۆكاربوبێت بۆئەوەی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌مان له‌دوای ساڵێك قبوڵ بكرێت.”

 

سه‌باره‌ت به‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ نیگه‌ران بون به‌هۆی جوڵاندنی دۆسیه‌كان له‌لایه‌ن داواكاری گشتی سلێمانیه‌وه‌، حاكم به‌ختیار عه‌لی وتویەتی”من ناوی هیچ كه‌سێك ناڵێم به‌ڵام به‌رپرسی حیزبیشه‌و حكومیشه‌ هه‌ردوكیانن، له‌سه‌رو وه‌زاره‌ت و ئه‌وانه‌وه‌ن، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم له‌ئه‌نجامی ئه‌و سكاڵایانه‌ی له‌م دوایه‌دا جوڵاندمان ژماره‌یه‌كی زۆر ناوی به‌رپرسی باڵای تێدا بو تا وای لێهات دادگا بانگیان بكات، دیاره‌ ئه‌وانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ری هه‌بوه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه ‌(په‌سه‌ندكردنی داوای ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی دوای ساڵێك).”

 

ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی دۆسیه‌كان، حاكم به‌ختیار وتویەتی”ئێمه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر دۆسیه‌مان جوڵاندوه‌ به‌تایبه‌ت مه‌له‌فی نه‌وت و‌ ئه‌و شیرینیانه‌ی باس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها بابه‌تی چونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و تا‌نكه‌ره‌ نه‌وتانه‌ی كه‌ داهاته‌كه‌ی دیار نییه‌، هه‌روه‌ها مه‌له‌فی ترمان هه‌بو، به‌ڵام ئێمه‌ له‌سنوری ده‌سه‌ڵاتماندا له‌سلێمانی كارمان له‌سه‌ر كرد ئه‌ویش ئه‌و زه‌وییانه‌ی دراوه‌ته‌ كۆمپانیاكان و هه‌ندێك كه‌س به‌ نرخێكی زۆر ڕه‌مزی كه‌ ئه‌م مه‌له‌فه‌ ناوی چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای تێدابو، ‌هه‌روه‌ها بابه‌تی زیاده‌ڕه‌وی له‌سه‌ر موڵك و زه‌وی و زار و‌ بڕوانامه‌ی ساخته‌، واته‌ هه‌ر بابه‌تێك تاوانكاری و پێشێلی مافی گشتی تێدابوه‌ ده‌توانین بڵێین ئێمه‌ هه‌مویمان جوڵاندوه‌.”

 

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتویەتی”ئێمه‌ هه‌مو ئه‌و زانیاریانه‌مان كۆكردۆته‌وه‌ دواتر سكاڵامان جوڵاندوه‌، به‌ڵام له‌و دۆسیانه‌ بۆ نمونه‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌تا‌نكه‌ر چه‌نده‌ فرۆشراوه‌ به‌ڵام داهاته‌كه‌ی دیارنییه‌، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا بڕیاری دادگا نییه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌ك وتم ئه‌مانه‌ سكاڵان و جوڵاندومانن، یاخود داگیركردنی زه‌وی و زار كه‌مه‌رج نیه‌ به‌ته‌نها به‌رپرس بن،به‌ڵكو سكاڵامان له‌سه‌ر سێ هه‌زار كه‌س له‌وباره‌یه‌وه‌ جوڵاندوه‌ كه‌ هاوڵاتی ئاسایی تێدایه‌ له‌بابه‌تی زیاده‌ڕه‌وی له‌سه‌ر زه‌وی و زاری ده‌وڵه‌ت و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی.”

 

ئەوەشی وتوە”كێشه‌كان به‌ته‌نها ئه‌وه‌نین بڵێین دادگا كه‌مته‌رخه‌می تێدا كردوه‌ به‌ڵكو كێشه‌ی گه‌وره‌مان جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیاره‌كانی دادگایه‌، یاخود ڕه‌زامه‌ندی نه‌نواندنی مه‌رجه‌ع، چونكه‌ وه‌ك ده‌زانین له‌وڵاتێكدا ده‌ژین ئه‌وه‌نده‌ی چه‌ك و تفه‌نگ تێیدا حوكم ده‌كات كه‌متر یاسا حوكم ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ندێك داموده‌زگا كه ‌چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی هه‌یه‌ ده‌توانێ بڕیاره‌كانی دادگا په‌كبخات.”

 

ئەوەشی خستۆتەڕو”ئێمه‌ زۆربه‌ی كاره‌كانی خۆمانمان كردوه‌ به‌ڵام هه‌ندێك داموده‌زگا به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ری و هێزی خه‌ڵكی تر بون بۆیه‌ ئه‌و ئیشانه‌ی ئێمه‌ش كردومانه‌ ناگاته‌ ئه‌نجام.”

 

حاكم به‌ختیار ستایشی هه‌ڵوێستی ئه‌و كه‌سانەی‌ كرد كه ‌پشگیرییان له‌كاره‌كانی كردوه‌و‌ پشتگیری مانه‌وه‌یان له‌پۆسته‌كه‌ی كردوه‌و وتویەتی”زۆر لایه‌ن هه‌بو پشگیریان كردین سوپاسیان ده‌كه‌ین، به‌ڵام كاتێك بڕیارێكی ئیداری ده‌رده‌چێت ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی بڕیاره‌كه‌ی له‌دژ ده‌رچوه‌ تانه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ بدات، ڕاسته‌ له‌ژێر فشاردا به‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار داواكاری ساڵێك له‌مه‌وبه‌ری من قبوڵ كراوه‌ بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ڕوی ئه‌ده‌بی و ئیعتیبارات بۆخۆم و ڕێزگرتن له‌داواكاریه‌كه‌ی خۆم نه‌متوانیوه‌ هیچ تانه‌یه‌ك له‌بڕیاره‌كه‌ بده‌م.”

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كە لەماوەی كاركردنیدا بۆ ماوەی كەمتر لەدوساڵ وە سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی چ دۆسیەیەك چۆتە لایان كە سەیر بوە بەلایانەوەو ژماره‌ی ئەو دۆسیانەی جوڵاندویانن چەندە، حاكم به‌ختیار وتویەتی”له‌م كاته‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ی تۆ كتوپڕبو بۆ من، ڕه‌نگه‌ شتم زۆر بیرنه‌یه‌ت كه‌ بۆ من سه‌رنجڕاكێش بوبێت، به‌ڵام ئێستا شتێكم بیركه‌وته‌وه‌ كه ‌سه‌یربو لام ئه‌ویش ئه‌وه‌بو”ڕه‌نگه‌ كۆمه‌ڵێك فه‌رمانبه‌ری بندیوار هه‌ن كه‌ (سودانی و ئێرانی و لیبی)ن ئه‌مانه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراون و هه‌ندێك خه‌ڵكیش هه‌ن عه‌ره‌بن و دامه‌زراون به‌ وه‌زیری خانه‌نشین له‌هه‌رێمی كوردستان دیاره‌ ئه‌مانه‌ بندیوارن كه‌ هه‌ر یه‌كسه‌ر دامه‌زراون و خانه‌نشین كراون به‌پله‌ی وه‌زیر كه‌ هه‌ر وه‌زیریش نه‌بون له‌كوردستان.”

 

لەبارەی ژمارەی دۆسە جوڵێنراوەكانیش وتویەتی”ئێستا ژماره‌ی ئه‌و دۆسێیانه‌م لانیه‌ كه‌ ماوه‌ی دو ساڵه‌ جوڵاندومانن، ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی دۆسیه‌ گرنگ نه‌بێت به‌ژماره‌ چونكه‌ بۆ نمونه‌ له‌یه‌ك دۆسیه‌ی وه‌ك بندیوار سكاڵا له‌سه‌ر چوار هه‌زار كه‌س تۆماركراوه‌، یا له‌یه‌ك دۆسیه‌ی زیاده‌ڕه‌وی سكاڵا له‌سه‌ر پێنج سه‌د كه‌س تۆماركراوه‌.”

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.