سەرۆکی رێکخراوی ستۆپ بۆ رۆژنامەی ئاوێنە: ھەندێ لە پەرلەمانتاران دژی پرۆژەی یاسای نوێ ی خانەنشینی پلە تایبەتەکانن

ئا: رۆژنامەی ئاوێنە

پەرلەمانتارێک ئاماژە بەوە دەکات پڕۆژە یاسای خانەنشینی موزایدەی سیاسیە، بەرپرسی رێکخراوی ستۆپ بۆ دژەگەندەڵی دەڵێت “ئەو پڕۆژە یاسایە ھەنگاوێکی یەکجار گرنگە. خزمەتێکی گەورە بە پڕۆسەی گێڕانەوەی موڵک‌و ماڵی گشتی دەکات”.

لەدوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاسای چاکسازیکردن لەموچەی بن دیوارو خانەنشینی نایاسایی‌و پلەتایبەتەکان لەپەرلەمان، لەلایەن پەرلەمانتارانەوە خوێندنەوەی جیای بۆ دەکرێت.
فەرمان ڕەشاد بەرپرسی ڕێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی لەبارەی پڕۆژە یاساکەو جێبەجێ کردنییەوە بۆ ئاوێنە وتی “ئێمە پێمانوایە ئەو پڕۆژە یاسایە ھەنگاوێکی یەکجار گرنگە. خزمەتێکی گەورە بەپڕۆسەی گێڕانەوەی موڵک‌و ماڵی گشتی دەکات. پەرلەمانی عێراق کۆمەڵێک مەرجی ھەیە بۆ یاسای خانەنشینی، پێویستە ئەو مەرجانەش لەپەرلەمانی کوردستان جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەو ڕاستیە دەریدەخات کۆمەڵێک لەپەرلەمانتاران بەرژەوەندی خۆیان خستۆتە پێشی بەرژەوەندی گشتی. ئەمەش بەئاشکرا دەبینرێت لەپەرلەمان کە رێگریەک ھەیە بۆ چاکسازی”.

ئەوەش دەلێت “بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست ئێمە گەیشتوە، ھەندێک لەپەرلەمانتاران دەیانەوێ ئەو پڕۆژە یاسایە پەکبخەن‌و رێگە نەدەن چاکسازی بکرێت، بە پاساو‌و ڕێگای جیاجیا شەرعیەت بدەنە جێبەجێ نەکردنی پڕۆژە یاساکە. پاساوەکانیشیان بریتیە لەوەی پەرلەمانتاران لەدوای تەواوکردنی کاری پەرلەمانتاری نەگەڕێنەوە سەر کاری پێشویان‌و خانەنشین بکرێن، بەڵام ئێمە پێمان وایە بەھۆی ئەو گوشارانەی بەغدا دروستیکردوە لەسەر حکومەتی ھەرێم بۆ چاکسازی‌و داواکاریەکانی ناوخۆیش چاکسازی دەوێت بەوھۆیەوە دواجار ئەو پڕۆژە یاسایە جێبەجێ دەکرێت”.
ئەوەشی وت “جێبەجێ کردنی پڕۆژە یاساکە ڕەنگە دوابکەوێت، بەڵام لەنەتیجەدا ھەر جێبەجێ دەکرێت. ھەرچەندە ژمارەیەک پەرلەمانتار پێیان وایە دەبێت حکومەت کار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە دەبێت پڕۆژەی چاکسازی لەپەرلەمانەوە کاری لەسەربکرێت. پەلەمانتاران دەبێت لەخۆیانەوە دەست پێ بکەن، بەڵام ئەگەر بێتو خۆیان پاساویان ھەبێت بۆ رێگەگرتن لەچاکسازی، ئەوکات ناتوانن چاکسازی لەموچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکاندا بکەن. خەڵکی پێیان دەڵێن ئێوە ناتوانن دەست لەئیمتیازاتی خۆتان ھەڵبگرن، چۆن دەتوانن چاکسازی بکەن؟”.
ئاماژەشی بەوە کرد “لەگەڵ بەرزکردنەوەی پڕۆژە یاساکەدا ئێمە یاداشتێکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە کە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، نەکەوێتە ژێر باری ھیچ پاساوێک لەپەرلەمانی کوردستان‌و دەسکاری نەکرێت. ڕۆحی ئەو یاسایە بریتیە لەچاکسازی کردن لەیاسای خانەنشینی‌و دەرماڵە”.
وتیشی “لەگەڵ پەرلەمانتارانیش لەسەرخەتین، بەوردی چاودێری جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژە یاسایە دەکەین. ھەرکاتێک زانیمان ئیرادەیەک دەیەوێت ڕێگری لێبکات، ئەوکات ئێمە ڕایگشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە”.
عومەر عینایەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان لەوبارەیەوە دەڵێت “ئەو کەسانەی یاسای خانەنشینی نایانگرێتەوەو لەلایەن حکومەتەوە خانەنشین کراون، با ھەر حکومەت خۆی چۆنی خانەنشین کردون، ئاواش بڕیارەکەی ھەڵبوەشێنێتەوە. ئەو پڕۆژە یاسایەی ھاتۆتە پەرلەمان موزایدەی سیاسیەو ھیچی دیکە نیە”.
وتیشی “ئەو پڕۆژە یاسایە جارێک لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، دواتر لەلایەن لیژنەی دارایی‌و لیژنەکانی دیکەوە دەھێنرێتە پەرلەمان، ئەوکات قسەی خۆمان دەبێت. ئێستا نامەوێت لەوبارەیەوە بڕیاری کۆتایی خۆم بڵێم”.
لەلای خۆیشییەوە پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان، سۆران عومەر بەئاوینەی راگەیاند پاش ئەوەی پرۆژەکە لەکۆبونەوەی رابردوی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا لەئێستادا لەبەردەم لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەماندایەو پەرلەمانتاران چاوەڕوانی بۆچون‌و تێبینی لیژنەکانن لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.