عێراق لە رێگای پرۆژە یاسایەک دەیەوێ پارەی گەندەڵی لە دەرەوەی وڵات بگێرێتەوە

ميدياى STOP

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ھەرچەندە ھەوڵی زۆر دراوە بۆ رێگرتن لە دەرچوونی یاسای دەستبەسەرداگرتنی پارەی گەندەڵی بەرپرسان، بەڵام یاساکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لەدوای دەرچوونیشی لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێدەکرێت.

رۆژی شەممە ٣ی شوبات، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای دەستبەسەرداگرتنی پارەی گەندەڵی بەرپرسانی عێراق کرد کە لەلایەن ئەندامە کوردەکانی پەرلەمانەوە ئامادەکرابوو.

ئەمین بەکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گەندەڵی یەکێکە لە دیاردە ھەرە ناسراوەکانی حوکمڕانی ئەم دوو دەیەی رابردووی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەوھۆیەوە بەھەزاران کەس بەھۆی سوودوەرگرتنی نایاسایی لە دەسەڵات و دزینی سەروەت و پارەی گشتی و پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت و نایاسایی بە خۆیان و کەسوکاریان زۆر دەوڵەمەند بوون، بۆیە لەو پێناوەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی گەندەڵی بەرپرسان کراوە.

بەپێی یاساکە، لێپرسینەوە لەھەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسیاریەتیان  ھەبووە لە پلەی بەڕێوبەری گشتی بۆ سەرەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو ماڵ و سامانەی ھەیانە بەقەدەر ئەو مووچە و ئیمتیازە یاساییانەیە کە وەریانگرتووە، ئەگەر سەروەت و سامانەکەیان زیاتربێت ئەوا دادگا لەسەر داوای داواکاری گشتی یان دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و دەبێت بیسەلمێنێت بۆ دادگا کە بەشێوازێکی یاسایی دەستیکەوتووە، بەپێچەوانەوە دەبێت دەستبەسەر پارە و ماڵەکەیدا بگیرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ دەوڵەت.

لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە لە ھەرێم، ئەمین بەکر وتی “ئێمە یاساکەمان بۆ ھەموو عێراق دەرکردوە و ئەو پارەیەی براوە ھی ھەموو عێراقە و ھەرێمیش بەشێکە لەعیراق و بەپێی دەستووریش سیاسەتی دارایی فیدڕاڵییە، بۆیە دوای دەرچوونی یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کوردستانیش جێەبەجێدەکرێت و دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی سزادانی بەرپرسان”.

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەھار

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.