پارەی نەختینە یان سیولـە

گوڵاڵە صدیق

بەو بڕە پارەیە دەوترێ کە لە بەردەستە، بۆ ( حکومەت، کۆمپانیا، بانک، تاک) کە بتوانرێ مامەڵەی بازرگانی پێوە بکرێ، چونکە هەمیشە مامەڵە بازرگانییەکان لە ڕێگەی پارەی نەختینەوە دەکرێ. باشترین جۆری پارەی نەختینە بریتیە لە کاش، قاڵبی ئاڵتون و زیو، چەکی بانکی.

بەڕێوەبردنی پارەی بەردەستی نەختینە و هاتنە ناوەوەی پارە بۆ دەوڵەت ( یان هەر دەزگایەکی بازرگانی) بەبەردی بناغەی سەرکەوتنی ئەو دەوڵەتە دادەنرێ، وە هەمیشە هێزی دەوڵەتەکان لە ڕوی هێزی پارەی ئەو دەوڵەتە و یەدەکی پارەی نەختینەیی ئەو دەوڵەتە هەژمار دەکرێ.

دەکرێ کۆمپانیایەکی گەورەت هەبێت، بەڵام ئەگەر پارەی نەختینەت نەبێت، ئەوا پێویستە مایەپوچ بون ڕابگەیەنیت یان بیفرۆشیت بە کەسێکی تر، کە نەختینەی لەبەردەستە بۆ بەردەوامی کۆمپانیاکە( هەمان ڕێکار لەسەر ئاستی دەوڵەت ڕاستە).
بۆ ئیدارەدانی پارەی نەختینە پێویستە ڕەچاوی سێ ئامانج بکرێ:

١ـ ئامانجی مامەڵە کردن: پێویستە هەر دەوڵەتێک (کۆمپانیایەک) پارێزگاری لە بڕێک پارەی نەختینە بکات وەک ( حد الادنی) بۆ بەردەوام بونی لە کارەکانیدا، بەبێ بونی کەمترین بڕ بەرەو مایەپوچ بون دەڕوات و ناتوانێ بەردەوام بێت لە کارەکەی.

٢ـ ئامانجی دڵنیایی: پیویستە لەسەر دەوڵەت(کۆمپانیا) هەمو ئەو کێشە و ترسانە (مخاطرة) لە خۆی دوربخاتەوە، کە دەبێتە هۆی کورتهێنانی دارایی و سەرنەکەوتن لە دانەوەی قەرزەکانی.

٣ـ ئامانجی کێبەرکێی: هەمو دەوڵەتێک (کۆمپانیا) پێویستە بڕە پارەیەکی لەبەردەست بێت بۆ استغلال کردنی بارە چاوەڕوان نەکراوەکانی بازاڕ و کێبەرکێی لە بەرژەوەندی خۆی، چونکە کاتێک لە بازاڕ بە هۆی کەمبونەوەی پارەی نەختینە نرخی پشک یان سەنەدات دادەبەزێ،پێویستە ئەم هەلە بقۆزرێتەوە.

هەمیشە دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر ئەو وتە بەناوبانگە کاردەکەن کە دەڵێت ( پارەی نەختینە گرنگترە لە قازانج)، چونکە نەمانی پارەی نەختینە لە دەوڵەتدا دەبێتە هۆی سست بون و لاواز بونی جموجۆڵە بازرگانی و ئابورییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو دەوڵەتەی کە توشی قەیرانی پارەی نەختینە هاتوە.

کەم بونەوە و نەمانی پارەی نەختینە ڕودەدات بەهۆی:
١ـ نەمانی متمانە بە بانک.
٢ـ گەشەسەندێکی ئابوری لەپڕ.
٣ـ خراپ ئیدارەدانی پارەی نەختینە.
٤ـ هەڵئاوسان و کورتهێنان لە بودجە.
٥ـ کەم بونی هەناردە کردن.

 دوو جۆر قەیرانی سیولە هەیە:
١ـ قەیرانی ماوە درێژ: کاتێک ڕودەدات کە دەوڵەت نەتوانێ تەمویلی خەرجییە گشتییەکان بکات، یان تموحات و پرۆژەکانی دەوڵەت زۆر گەورەتربێت لە توانای ئابوری دەوڵەت، وە بۆ تەمویلی ئەم تموحاتە دەوڵەت هانا بۆ قەرزکردن دەبات، بەمەش دەوڵەت دەکەوێتە داوی قەرز و سووی قەرزەوە.

٢ـ قەیرانی کاتی: بەهۆی ڕودانی هاوکێشەی پەرەسەندنی بەرزو خێرا لە وەبەرهێنان، کە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هەمو پارە نەختینەکانی بازاڕ، بەتایبەت ئەگەر ئەم پڕۆژانە پێویستیان بەکاتێکی درێژ هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی پارەکە.

لەبەرئەوە بونی پارەی نەختینە لە هەر دەوڵەتێک بە یەکێک لە هەرە هۆکارەکانی بەهێزی ئەو دەوڵەتە دادەنرێ لە ڕوی ئابوری و بازرگانی و سەربازییەوە، وە هەمیشە ئەو دەوڵەتانە لەسەر ئەو بنەمایە ئیش دەکەن کە دەڵێت (قازانج پێوەری سەرەکی نیە بۆ بەردەوامی و سەرکەوتن)، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا لەبەر قازانجێکی خێرا و نەختینە، هەمو داهاتی ژێر زەوی فرۆشراوە بۆ ٥٠ ساڵ.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.