گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل

مەحمود ئەمین

گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل بۆ بەراورد…

پۆلیسی ئیسرائیلی پێنج دۆسێی گەندەڵیی لەسەر بنیامین ناتانیاهۆی سەروەزیرانی ئیسرائیل داوە بە داواکاری گشتیی ئیسرائیلی بۆ ئەوەی بیانجوڵێنێ و ناتانیاهۆیان لەسەر دادگایی بکرێ.

جارێ ناتانیاهۆ بێ تاوانە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری خۆی ئەدا و ناتانیاهۆ تاوانبار ئەکا بە گەندەڵی.

ناتانیاهۆ لە دوای بنگۆڕیۆنی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە یەکەم کەسە بۆ درێژترین ماوە سەروەزیری کرد بێ. لە ۱۹۹٦ وە هەتا ئێستا چوارەم جارێتی ببێ بە سەروەزیر لە رێگەی هەڵبژاردنی پاک و ئازادەوە و یەکێکیشە لە سەروەزیرە زۆر بەهێزەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەشا، ئا ئێستا کە خۆی سەروەزیرە، پۆلیسی حوکمەتەکەی لەسەر گەندەڵی، ٥ دۆسێی بۆ ئامادە کردوە و لەسەریان ئەدرێ بە دادگا.

پێشتر ئیهۆد ئۆلمێرت، کە لەماوەی نێوان ۲۰۰٦ـ ۲۰۰۹ دا سەروەزیر بو، ساڵی ۲۰۱٤ بە ٦ ساڵ زیندانی حوکم درا، لەسەر ئەوەی لە ماوەی ۱۰ ساڵ سەرۆکایەتی شارەوانی ئۆرشەلیم دا، یەک ملیۆن شیکڵ بەرتیلی وەر گرتوە. ملیۆنێک شیکڵی ئیسرائیلی بە نرخی ۲ ی مارتی ۲۰۱٨ ئەکاتە ۲۹۱ هەزار دۆلار. کە تێکڕا لە ماوەی ۱۰ ساڵا، مانگانە ۲٤۲٥ دۆلاری ئەمریکیی بەر ئەکەوێ.

بەڵام حوکمڕانەکانی هەرێم، رۆژانە بە بەر چاومانەوە بایی دەیان ملیۆن دۆلار نەوت و غاز و داهاتی گومرگەکان و رەسمی معامەلاتی دائیرەکان و پارەی سنوقی خانەنشینیی موچەخۆران و موچەی مانگانەی هاووڵاتیان ئەدزن، کەچی هیچ پۆلیس و هیچ دادگا و هیچ قازی و دادگایەک ناوێرێ پێیان بڵێ: پشتی چاوت برۆیە.
لەبەر ئەو دو جیاوازییەیە کە ئیسرائیل بەهێزترین دەوڵەتی ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەش لاوازترین و رسواترین نوختەی سەر نەخشەی جیهانە.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.