بنەماکانی کارنامەی سەرکەوتوو بۆ حکومەت

لە پێکهێنانی کابینەی ٩ بۆ یەکەمجارە باس لەوەدەکرێ حکومەت کارنامەیەکی ورد بۆ پەرلەمان بنێرێت بۆ ئەوەی پەسەندی بکات.

فەرمان رەشاد

کارنامەی حکومەت، دەتوانین بلێین بەلگەنامەی  دنیابینی و نەخشە رێی کاری هەر حکومەتێکە، واتا بەبێ بوونی کارنامەیەکی ڕوون هیچ حکومەتێک ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، بەلکو بەپێچەوانەوە دوچاری زۆرێک لە کێشە و قەیرانی دەکات کە لە بنەڕەتدا قوڵ نین بەڵام بەهۆی نەبونی روئیایەکی ڕوون و دیراسەکراو گەورە دەبن.
کارنامەی حکومەت تەنها بریتی نیە لە رازاندنەوەی کۆمەڵێک رستەی جوان و رێکخستنیان بە شێوەیەکی ئەدەبی، بەڵکو بنەمای کارکردنە و زیاتر پلان و پرۆژەیە لەوەی قسەی ئینشائی بێت، بۆیە دارشتنی کارنامەیەکی سەرکەوتوو بۆ حکومەت پرۆسەیەکی ئاسان نیە، پێویستی بە روئیایەکی ڕوون هەیە بۆ توانا بەردەستەکان و پێویستیەکان، هەموو داتا و زانیاریەکانی رابردووت لەبەردەست بێ، توانای ئەمرۆ بزانی و پێویستیەکانیش بۆ بەیانی لات ڕوون بێت.

کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق (٢٠١٩-٢٠٢٢) خۆی لە ١٢٣ لاپەرە دەبینێتەوە کە ١٩٥ پرۆژەی  بۆ جێبەجێکردن تێدایە بە سەقفی زەمەنیەوە

بۆ هەرێمی کوردستان پرسی دانانی کارنامە بۆ حکومەت تارادەیەک نوێیە، لە حکومەتەکانی پێشوو کارنامە بریتی بوە لەو بەیاننامەیەی کە سەرۆکی حکومەت لە کاتی پێدانی متمانە دەیخوێندەوە کە بریتی بوە لە کەمتر لە سێ لاپەڕە، جگە لە کۆمەلێک رستەی گشتی هیچ بەلێنێکی تێدانەبوە کە سەقفی زەمەنی تێدابێت، لە پێکهێنانی کابینەی ٩ بۆ یەکەمجارە بابەتێکی وا هاتۆتە پێش کە حکومەت کارنامەیەکی ورد بۆ پەرلەمان بنێرێت بۆ ئەوەی پەسەندی بکات.
کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق (٢٠١٩-٢٠٢٢) خۆی لە ١٢٣ لاپەرە دەبینێتەوە کە ١٩٥ پرۆژەی تێدایە بە سەقفی زەمەنیەوە بۆجێبەجێکردنیان، حکومەتی عێراقی بە شێوەیەکی تارادەیەک باش کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی خستۆتە سەرخۆی، هەروەها کۆمەلێک پێوەری داناوە بۆ ئاستی سەرکەوتنی کارنامەکە،
هێلە گشتیەکانی کارنامەی سەرکەوتوو بریتین لە چەند خالێک:
١- بەردەستبونی زانیاریە پێویستیەکان، کە بریتین لە هەبونی داتا و زانیاری تەواو لەبارەی داهات و سەرچاوەکانی هێز و دەرامەت، شیکاری تەواو بۆ کەرتە جیاجیاکان و پێویستیەکانیان. دانانی ئەولەویەت بەرمەبنای دیراسە و لێکۆلینەوە، حیساب کردن بۆ هەڕەشەکان و خاڵە لاوازەکان.
٢- هەبونی بودجەی ساڵانە، بەبێ ئەوەی کە ساڵانە بە شێوەیەکی شەفاف ئیدارەی مەلەفی داهات بکرێت حکومەت ناتوانێ لە دانان و جێبەجێکردنی کارنامە سەرکەوتوو بێت، بۆیە پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە دەتوانێ پشتیوانیەکی باشی سەرخستنی کارنامەی حکومەت بکات.

پێویستە ئەو بەلێنانە بخرێنە روو کە لە ماوەی ١٠٠ رۆژی یەکەم لەلایەن حکومەتی نوێ جێبەجێدەکرێن بۆ ئەوەی هەلسەنگاندنی سەرەتایی بۆ کارەکانی حکومەت بکرێت.

چەند خالێکی تایبەت لەسەر کارنامەی حکومەت:
١- پێویستە بە ڕوونی دیراسەی کەرتە جۆربەجۆرەکان بکات و ئەولەویەتی هەر کەرتێک دیاریبکات و پلانی ڕوون بۆ مامەلەکردن لەگەلیان دابرێژێت، ئەوەش پێویستی بە گەرانەوەیە بۆ هەنگاوەکانی پێشوو و پرۆژەکان لە کەرتە جیاجیاکان وە لێکۆلینەوە لێیان.
٢- پێویستە پسپۆران و شارەزایانی بوارە جۆربەجۆرەکان بەشداری پێبکرێن لە ئامادەکردنی کارنامەی حکومەت.
٣- پێویستە لەجێی دارشتن سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێکردنی هەر پلانێک دابنێت، بۆ نمونە لەجیاتی ئەوەی بلێ حکومەت گرنگی بە کەرتی پەروەردە دەدات، پێویستە رونی بکاتەوە لە ماوەی ئەو چوار ساڵە حکومەت چەند قوتابخانە دروستدەکات و چەندی نۆژەن دەکاتەوە، لەجیاتی بلێ کاردەکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان، پێویستە بە ژمارە بلێ ساڵانە چەند هەلی کاری نۆێ دەرەخسێنێت، ئەوە بۆ هەموو بوارەکانی تریش.
٤- پێویستە ئەو بەلێنانە بخرێنە روو کە لە ماوەی ١٠٠ رۆژی یەکەم لەلایەن حکومەتی نوێ جێبەجێدەکرێن بۆ ئەوەی هەلسەنگاندنی سەرەتایی بۆ کارەکانی حکومەت بکرێت.

 

پێویستە پەرلەمانی رۆلی خۆی بگێرێت و کارابێت لە چاودێری جێبەجێکردنی کارنامەکە

٥- پێویستە ئەو کارنامەیە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی چاودێری جێبەجێکردنی بکات.
٦- پێویستە پەرلەمانی رۆلی خۆی بگێرێت و کارابێت لە چاودێری جێبەجێکردنی کارنامەکە، لەکاتی دواکەوتنی جێبەجێکردنی پلانەکان لێپێچینەوە لەگەل حکومەت بکات.
٧- پێویستە کارنامەکە بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی خەلک و میدیا و رێکخراوەکانیش چاودێری جێبەجێکردنی بەلێنەکان بکەن.
٨- پێویستە حکومەت پلانی گەشەکردن و روبەروبونەوەی گەندەڵی و چاکسازی و بەهێزکردنی حکومەتی ئەلیکتۆرنی و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان بخاتە ڕوو، ئەویش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای حکومەت و دامەزراوەکانی.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.