240 بڕوانامەی ساختە لە زانكۆكانی كوردستان ئاشكرا دەبن

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 240 بڕوانامەی ساختەی ئاشكرا كردووە، هەندێك لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە كردووە، مامۆستای زانكۆن و فەسڵ كراون، خاوەن بڕوانامە ساختەكانیش لەڕێگەی لیژنەیەكەوە دەدرێنە دادگا.

133 بڕوانامەی ساختە لە زانكۆ ئەهلییەكان
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زۆربەی ئەو بڕوانامە ساختانەی ئاشكرابوون لە زانكۆ ئەهلییەكان بوون. د.جەمال كەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا راگەیاندوە:”ئێمە بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ئامادەیی خوێندكارەكە دەكەین، دوای دەرچوونیش دووبارە بەدواداچوونیان بۆ دەكەین. من كە چوار ساڵە سەرپەرشتیاری زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانم، تا ئێستا 130 بڕوانامەی ساختەمان ئاشكرا كردووە كە زۆربەیان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە”.

هەروەها دەڵێت: “لە بڕوانامەی سێ مامۆستای زانكۆمان لە زانكۆیەكی ئەهلی لە هەولێر كۆڵیوەتەوە، دەركەوت ساختەن. یەكێكیان نەك هەر وانەی گوتووەتەوە، بەڵكو بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانكۆكەش بووە و بەرپرس بووە لە دڵنیابوون لە راست و دروستیی بڕوانامەی مامۆستاكان و هەڵسەنگاندنیشی بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاكان كردووە”.

بەشێك لەوانەی بڕوانامەی ساختەیان هێناوە مامۆستای زانكۆ و فەرمانبەرن، بۆیە ئەوانیش فەسڵكراون و لە كارەكانیشیان دوورخراونەتەوە

سەبارەت بەو ئیجرائاتەی بەرامبەر بە خاوەنی بڕوانامەكان دەكرێ‌، د.جەمال گوتی: “دوای ئاشكرابوونی بڕوانامە ساختەكانیان ئێمە داوا لە زانكۆكانیان دەكەین بڕیاری فەسڵكردنیان بدەن و هەمووشیان فەسڵكراون. پاشان دەدرێنە دادگا”.

109 خوێندكاری ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆ حكومییەكان فەسڵكراون
بەشێك لەوانەی ماستەر و دكتۆرایان لە زانكۆ حكومیەكان خوێندووە، بڕوانامەكانیان ساختە بووە. د. نەژدەت ئاكرەیی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: “زیاتر لە 100 حاڵەتی ساختەكردنی بڕوانامەمان لە ماستەر و دكتۆرا هەیە. دوای ئاشكرابوونیان فەسڵ كراون، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی دەستپێكردنی خوێندن ئەوەیە كە بڕوانامەی هەبێت، بەڵام ئەوان بڕوانامەی ساختەیان هێناوە. دوای فەسڵكردنیشیان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان لە زانكۆ لەسەر پێكهێنراوە كە لەلایەن زانكۆكان و داواكاری گشتییەوە بەداواداچوون بۆ دۆسیەكانیان دەكرێت”.

بە گوتەی د.نەژدەت، بەشێك لەوانەی بڕوانامەی ساختەیان هێناوە مامۆستای زانكۆ و فەرمانبەرن، بۆیە ئەوانیش فەسڵكراون و لە كارەكانیشیان دوورخراونەتەوە.

هەر كەسێك بڕوانامەی ساختەی لێ ئاشكرا ببێ‌، چەند ئیجرائاتێكی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، لەوانەش لێسەندنەوەی بڕوانامەكەی و دوورخستنەوەی لە كارەكەی، پاشان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ‌ و دەدرێتە دادگا، ئەگەر ئاشكرا بوو بڕوانامەكەی ساختەیە، سزا دەدرێ‌ كە رەنگە سزاكەی هەتا پێنج ساڵ بەندكردن بڕوات.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: “بەشێك لەوانەی پێشكەشی خوێندنی دكتۆرایان كردبوو، خۆیان مامۆستای زانكۆ بوون و لە زانكۆ بە بڕوانامەی ساختە وانەیان گوتووەتەوە، بۆیە لە خوێندنی دكتۆرا و كارەكەشیان وەكو مامۆستای زانكۆ دوورخراونەتەوە، مامۆستای وا هەبووە دكتۆراشی تەواو كردووە، دواتر دەركەوتووە بڕوانامەكەی ساختەیە”.

لەبارەی سەرچاوەی بڕوانامە ساختەكان، ئەو سەرچاوەیە گوتی: “بەپێی زانیارییەكان ئەو بڕوانامە ساختانە لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی دروستدەكرێن، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لە هێزەكانی ئاسایش كردووە، هاوكارییان بكەن لە دۆزینەوەی ئەو سەرچاوە و دەستانەی لەپشتی دروستكردنی بڕوانامەی ساختەوەن”.

سەرچاوە: RUDAW

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.