د.فرسەت سۆفی وردەكاری كارنامە و پرەنسیپە نوێیەكانی كاركردنى خۆی وەك پارێزگاری هەولێر خستەروو زانیاری لەو بارەیەوە بخوێنەوە

رێكخراوی ستۆپ: پشتیوانی كارنامەكە دەكەین و چاودێری جێبەجێكردنی دەكەین

STOP  میدیا

پارێزگاری هەولێر، کارنامە و دیدگا و پرەنسیپە نوێیەکانی کارکردنی خۆی لەبەردەم ئەنجوومەنی پارێزگادا راگەیاند و تیشکی خستەسەر ئەو کار و پرۆژانەی بڕیارە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو لەماوەی كاركردنی لە پارێزگای هەولێر ئەنجام بدرێن. هاوكات رێكخراوی ستۆپ رایدەگەیەنێت پشتیوانی كارنامەكەی پارێزگاری هەولێر دەكەین و هەماهەنگی و چاودێری جێبەجێكردنی پلانەكە دەبین وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.

 

سەردان و بەسەركردنەوە

د.فرسەت سۆفی رایگەیاند لە ماوەی دەستپێكردنی كارەكانی سەرجەم قەیماقمیەتەكانی بەسەركردۆتەوە كە ژمارەیان 10 قایمقامیەتە لە سنوری پارێزگای هەولێر  بە ئامادەبونی نوێنەری ناجیە و فەرمانگەكانیش گفوگۆ لەسەر كێشەكان كراوە و بەگوێرەی پێداویستیەكانیان ئەولەویەت و بەرنامەی كاریان بۆ دیاریكراوە بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوو كاری لەسەر بكەن، وتیشی چەندین بریار بۆ رێكخستنەوەی كاروبارەكان دراون.

 

پرۆژەی چارەسەركردنی ئاوی قورسی هەولێر و ئیفراز چوار

لە چوارچێوەی خستنەوەی كارنامەكەی د.فرسەت سۆفی رایگەیاند لەو ماوەیەی دەستبەکاربوونە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران “توانرا رەزامەندی وەربگیرێت لەسەر قەرزی یابانی، کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر، ئەو پرۆژەیەش لە عێراق رەزامەندی لەسەر دراوە لە یابانیش ئەپروڤ کرا، کە پێی دەڵێن قەرزی یابانی جایکا دەیکات، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوو دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، لە ماوەی 2 ساڵ ئەو پرۆژە ستراتیژیە گرنگە تەواو دەبێت، کە بۆ هەولێر یەکێکە لە پرۆژە هەرە گرنگە ستراتیژییەکان، ئەمە جیا لەوەی بڕی 3 ملیۆن دۆلار بۆ گۆڕینی تۆڕەکانی ئاوی هەولێر هەر لە چوارچێوەی قەرزی یابانی رەزامەندی لەسەر وەرگیراوە و ئێستا لە قۆناخی تەندەرینگدایە”.

هەروەها وتیشی پرۆژەی ئیفراز چوار كە پرۆژەیەكی ستراتیژی هەولێرە و لەجێبەجێكردن وەستاوە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران كاردەكەن بۆ ئەوەی دەستبكرێـت بەجێبەجێكردنی پرۆژەكە.

ئەولەویەتی وەبەرهێنان لە هەولێر بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارە

د.فرسەت سۆفی رایگەیاند وەك پارێزگا بریاریان داوە ئاسانكاری تەواو بكەن بۆ بواری وەبەرهێنان لە سنوری هەولێر، وتیشی لای ئەوان ئەولەویەتی وەبەرهێنان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكال و گەشتوگوزارە، نایانەوێت وەبەرهێنەران لە بواری نیشتەجێبوون وەبەرهێنان بكەن، وتیشی هەموو ئاسانكاریەك لە رووی یاسایی و ئەمنییەوە بۆ وەبەرهێنان دەكەین و لێناگەرێین بەربەستیان بۆ دروستبكرێت یاخود داوای رەشوەیان لێبكرێت و لەكەسیشی قبول ناكەین، هانی وەبەرهێنەرانیش دەدەین بۆ ئەوەی بتوانن كارگەی جۆراوجۆر دروست بكەن و گەنجەكانمان بخەنە سەركار.

پرۆژە خزمەتگوزاریەكان تەواو دەكرێت

پارێزگاری هەولێر لەبەشێكی تری كارنامەكەی رایگەیاند تاكۆتایی ساڵ شەقامی 120 مەتری تەواو دەكرێت، وتیشی بە گوژمەی 3 ملیار و 800 ملیۆن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک پرۆژەی بەپەلە، ئەوانەی پەیوەست بە رێگاکانی هەموو قەزاو ناحیەکانەوەن، لە ئاییندەیەکی نزیک بکەونە قۆناغی تەندەرینگ، بۆ ئەو پرۆژانەی تەواو نەکراون و، ئەوانەی 70 بۆ 90%ی کارەکانیان تەواو کراوە، بەشێک لەو پرۆژانەش گرنگن لەوانە قوتابخانە و نەخۆشخانە و رێگا و پرۆژەی گرنگی دیکەن،  رەزامەندیمان بۆ ئەو پرۆژانە وەرگرتووە، پشکی هەولێر رەنگە 5 ملیار دینار بێت. هەروەها وتیشی كارگەیەكی قیر لە چۆمان دروستدەكەین بۆ ئەوەی فشار لەسەر هەولێر كەمبێتەوە و قیری چوار قەزا دابین بكات.

 

بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروبارەكانی پارێزگا

د.فرسەت سۆفی وتیشی لە چوارچێوەی پلانی حكومەت كار دەكەن بۆ بە ئەلیكترۆنی كردنی كاروبارەكان، بۆ ئەوەش بنكەی زانیاری دروستدەكەن بۆ ئەوەی هەموو زانیاریەكان رێكبخەن لە بوارە جۆربەجۆرەكان و بەرچاورونیان هەبێت، وتیشی پرۆژەی GPS ی هەولێر كاركردن تیایدا بەردەوامە بۆ ئەوەی سەرجەم ناوچەكان ئاشنابكرێن. وتیشی پێداچونەوە بە هەیكەلیەتی پارێزگا دەكەین و بەگوێرەی پێویست گۆرانكاریان تێدا دەكەین، وتیشی چەند گۆرانكاریەك لە ئاستی بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیش لەماوەی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.

 

پرۆژەی سمارت میتەر و نەهێشتنی زێدەرۆیی سەر كارەبا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند بۆ برینی زێدەرۆییەكانی سەر كارەبا و دزینی كارەبا لە ماوەی داهاتوو هەڵمەتێك دەستپێدەكەن، وتیشی پرۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا بەردەوام دەبن بۆ كاركردن لەسەری كە چارەسەری بنەرەتی كێشەی دزینی كارەبا دەكات، وتیشی ئەو شارانەی كە بە زێدەرۆیی دروستكراون و تا ئێستا پارەی كارەبا نادەن كار دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەوانیش.

پرۆژەی ریسایكلین دەكەینە ئەولەویەت

 

د.فرسەت سۆفی گۆتی لە ئاییندەیەكی نزیكدا كاردەكەن بۆ ئەوەی ریسایكلین و چارەسەری زبل و خاشاك بكەنە ئەولەویەتی كارەكانی خۆیان.

 

دروستكردنی بەرێوەبەرایەتی بەدواداچون و چاودێری و سكاڵا

بەگوێرەی كارنامەكەی پارێزگاری هەولێر بەرێوەبەرایەتی بەدواداچون و چاودێری و سكاڵا دروستدەكرێت وەك بەشێك لە سیاسەتی پیادەكردنی بەرەنگاربوانەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا، وتیشی پێویستە هاوڵاتی سەنتەر بێت و دامودەزگاكان كارئاسانی بكەن بۆ كاروباری هاوڵاتیان، وتیشی ژمارەیەكی تایبەت بە سكاڵای هاوڵاتیان دادەنێین و خۆشم سەرپەرشتی كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكەم بۆ وەرگرتنی سكاڵا و داواكاری هاوڵاتیان، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ژمارەیەكی پەیوەندی تەرخان دەكەین بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستیە جۆراوجۆرەكان هاوڵاتیان بتوانن پەیوەندی پێوەبكەن بۆ داواكاری هاوكاری پۆلیس و فریاكەوتن و بەرگری شارستانی و خزمەتگوزاریەكانی تر. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد رێگری لە قۆرخكاری لە بازار دەكەن و چاودێری دەكەن.

گەراندنەوەی هەیبەت بۆ فەرمانگەكان

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد بەهەمو شێوەیەك دەستێوەردان لە كاروباری فەرمانگەكان قەدەغەیە و پێویستە هەیبەتی فەرمانگەكان پارێزراو بێت، وتیشی لەكەسی قبولناكەین لە رێگای نفوزی سەربازی یان كۆمەڵایەتی یان حیزبی بیەوێ دەستێوەردان بكات لەكارەكان و هەركەسێكیش كاری وابكات رەوانەی دادگای دەكەن،

پشكی هەولێر لە رێكەوتنی عێراق و چین 
فرسەت سۆفی گوتیشی: “لەکاتی دەستبەکاربوونمان بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی وڵاتی چینمان کرد لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق، لەوێ توانرا کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگی ستراتیژی هەولێر بەتایبەتی لە بواری بەنداو، کارەباو ئاومان لەگەڵ خۆمان برد، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە توانرا ئەو تێڕوانینە دروست بکرێت، کە ئەو سندووقەی لەنێوان چین و عێراق دروست دەکرێت و سەرەتا 10 ملیار دۆلاری تێدا دادەنرێت، کە عێراق 15% و چینیش 85%ی پارەکە لەو سندووقە دادەنێت، لە بەرامبەردا عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت بە شێوەی درێژخایەن دەداتە وڵاتی چین، هەولێریش وەکو پارێزگایەک بەشی دەبێت لەو پرۆژە ستراتیژیانە کە لە داهاتوو لە نێوان چین و عێراق جێبەجێ دەکرێن و کۆماپانیاکانی چین ئەنجامی دەدەن”.

باشتر كردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان

د.فرسەت سۆفی رایگەیاند كاردەكەن بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری گواستنەوەی گشتی بۆ هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و ئۆتۆمبیلی بێ ژمارە و هەروەها كاردەكەن بۆ پێداچونەوە بە پێدانی مۆلەتی شوفێری، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كار لەسەر زیاتركردنی رووبەری سەوزایی دەكەن و لەسەر بریاری سەرۆكی هەرێم سێ پاركی نوێ دروستدەكرێـ. وتیشی پێداچونەوە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دەكەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد پێداچونەوە بە نرخی خزمەتگوزاریەكان دەكەن لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و لەرێگای لیژنەیەكەوە دوبارە نرخەكان دادەنرێنەوە و ناشبێت خاوەن پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پارە لەخەلك وەربگرن لەكاتی بەناوكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون.

دروستكردنی ئەنجومەنی راوێژكاری

لە درێژەی خستنە رووی پلانەكانی پارێزگاری هەولێر وتی راوێژ بە مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆران لە بوارە جیاجیاكان دەكەن و ئەنجومەنی راوێژكاری دروستدەكەن بۆ وەرگرتنی بۆچون و سود وەرگرتن لە ئەزمونەكان، بەشێوەی مانگانە كۆبونەوە لەگەڵ ئەنجومەنەكانی راوێژكاری دەكەن، ئاماژەی بەوەش كرد پەیوەندیەكی باش لەگەل میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی دروستدەكەن وەك هاوبەشی خۆیان، بۆ ئەوەی وەك تەواوكار رۆڵ ببینن.

فۆرمی دەستەی دەسپاكی پڕدەكاتەوە

د.فرسەت سۆفی وتی لە رۆژانی داهاتوو فۆرمی دەستەی دەسپاكی پڕدەكەمەوە بۆ ئاشكراكردنی سامان، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتو مولك و ماڵی نارەوام دەستكەوت بەرپرسیاربم بەرامبەر یاسا، وتیشی ئەوە بەسەر هەمو فەرمانگەكان و بەرپرسەكانیش جێبەجێ دەكەین كە ئەگەر بەشێوەی نارەوا سامانیان دەستكەوت دەبێت بچنە بەردەم دادگا.

رێكخراوی ستۆپ پلانی چاودێری كارنامەی نوێی پارێزگاری هەولێری هەیە

ئاری عەبدولڵا بەرێوەبری جێبەجێكاری رێكخراوی ستۆپ لەبارەی پلان و كارنامەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند ئەوان پشتیوانی هەموو هەولێكی چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان دەكەن و لەو چوارچێوەیەش پشتیوانی كارنامەی د.فرسەت سۆفی دەكەن بۆ پارێزگای هەولێر. بەڵام گرنگ جێبەجێكردنیەتی بەگوێرەی سەقفی زەمەنی و بە چاوێری ئەنجومەنی پارێزگا و هاوڵاتیان. وتیشی گرنگە لەهەموو ئەو هەنگاوانە هاوڵاتیان بەشداری پێبكرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێوە جێبەجێبكرێن. بەرێوەبەری رێكخراوی ستۆپ وتیشی ئەوان لە ئێستاوە پلانی چاودێری ئەو كارنامەیە دادەنێن و پێشنیار و پرۆژەش بۆ ئەو مەبەستە پێشكەشدەكەن.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.