خۆدزینەوە لە باج وەک رێگایەکی سەرەکی گەندەڵی

 

 

فەرمان ڕەشاد

 

پرسی کۆکردنەوەی باج یەکێکە لەو رێگایانەی کە گەندەڵیەکی زۆری تێدا دەکرێت بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە خاوەنی دامەزراوەی بەهێزنین و گەندەڵی تیایاندا بەرێژەیەکی زۆر بەر بڵاوە، بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی ، دەرکەوتووە لە کۆی ١٨٠ وڵات کە لێکۆلینەوەی تێداکراوە، ئەو وڵاتانەی کە کەمتر گەندەڵیان تێدایە باشتر توانیویانە رێژەیەکی زۆری باج بۆ داهاتی گشتی مسۆگەر بکەن، لە توێژینەوەکە هاتووە ئەو وڵاتانەی کە گەندەڵی تیایداندا زۆر بەر بڵاوە بەلایەنی کەم ٠٤% (چوار لە سەد) کەمتر توانیویانە باج کۆبکەنەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لەهەمان دۆخی دارایی دان بەڵام گەندەڵیان بە رێژەیەکی کەمتر تێدایە، بەگوێرەی ئاستی بڵاوبونەوەی گەندەڵیش رێژەی جیاوازیەکە لەنێوان وڵاتان هەڵدەکشێت.

 

پەیوەندی گەندەڵی و باج لەسەر ئەو بنەمایە دروست دەبێت کە لە وڵاتانی بەربڵاوی گەندەڵی کۆمپانیا و تەنانەت تاکەکانیش بۆ خۆدزینەوە لەدانی باج پەنا بۆ پێدانی ڕەشوە بە کارمەندانی دەولەت دەبەن، خالێکی تر ئەوەیە کە کاتێک کۆمپانیاکان دەزانن حکومەت گەندەڵە و پارەی باجەکان وەک پێویست شوێن ناگرێت لە بەرزکردنەوەی داهاتی وڵات بۆیە خۆیان دووردەگرن لەدانی.

 

زیانەکانی ئەو دۆخەش لە زۆر ڕوەوە بەسەر وڵات دەشکێتەوە، کە گرنترینیان کەمبونەوەی داهاتی نیشتیمانی وڵاتە، ئەویش بەپێی خۆی زۆر کاریگەری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەگوزاریەکان دەکات، هەر لە راپۆرتەکەی کۆربەندنی ئابوری هاتووە ئەو وڵاتانەی کە کەمتر باجیان تێدا کۆدەکرێتەوە ١/٣ یەک لەسەر سێ ی ئەو وڵاتانەی باجیان باشتر تێداکۆدەکرێتەوە پارە تەرخان دەکەن بۆ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی، ئەوەش دەریدەخات کە تێچوی گەندەڵی زۆر لەسەر وڵات دەکەوێت.

 

ئەگەر باسی هەرێمی کوردستان بکەین، بەگوێرەی ئەو زانیاری و بەدواداچونانەی کراون و بڵاودەکرێنەوە، ئەو داهاتەی لە باج کۆ دەکرێتەوە زۆر لە داهاتی راستەقینە کەمترە، ئەوەش نکوڵی لێناکرێت کە هۆکاری سەرەکی هەبونی گەندەڵی و لاوازی دامەزراوەکانە، بۆیە ئەنجامدانی ریفۆرم و پێداچونەوە بە سیستەمی وەرگرتنی باج پێویستیەکی حەتمیە لەپێناو بەرزکردنەوەی داهات، ئەو پرۆسەیەش مەحاڵ نیە، وڵاتێکی وەک جۆرجیا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تاکو ٢٠٠٨ بەهۆی جێبەجێکردنی پلانی ریفۆرم و دژە گەندەڵی لە وەرگرتنی باج رێژەی داهاتی باجی بۆ زیاتر لە دوو قات بەرزکردەوە، لە هەرێمی کوردستانیش دەرفەت هەیە ئەگەر پلانێکی تۆکمە هەبێت چارەسەری کێشەی نەدانی باج بکرێت، بۆ ئەوەش چەند هەنگاوێک پێویستە کە بریتین لەوانە:

  • هەمواری یاسای وەبەرهێنان

بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، رێژەیەکی زۆری لێخۆشبون لە باج بە یاسایی کراوە، ئەویش بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنان، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچونەکان ئەو ئامانجە وەک پێویست نەهاتۆتە دی کۆمپانیای گەورەی وڵاتان بەو رێژە بەرچاوە ناهاتونەتە کوردستان، بەڵکو زیاتر لە ناوخۆ خراپ سودی لێوەرگیراوە، زۆر لە کۆمپانیاکان بە سوود وەرگرتنی خراپ یان ئاسانکاری کردن بۆیان لەلایەن بەشێک لە دامەزراوەکان خۆیان لە پێدانی باج دزیوەتەوە، بۆیە پێداچونەوە بەو یاسایە لە پەیوەندیدار بە باج پێویستیەکی گرنگی ئەو پرۆسەیەیە، دەبێ لێکۆلینەوەی وردی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی دواجار رێگاکانی زیاکردنی باج بە قانون چاک بکرێت.

  • رێكخستنەوەی وەرگرتنی باج

هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێداچونەوەیەكی گشتگیر هەیە لە پرسی وەرگرتنی باج بە ئامانجی دروستكردنی عەدالەت لەو پرۆسەیە، بەجۆرێك رێگربێت لە دروستبونی سەرمایەداری خەیاڵی و ناعەدالەتی لە بەدەستهێنانی داهات، بۆیە ئەو پرۆسەیە زۆر هەستیارە، چۆن دواجار وادەكەیت لە رێگای باجەوە دەولەمەندەكان لە سنورێكی دیاریكراو زیاتر نەتوانن داهات بەدەست بهێنن، ئەو باجەش كە لێیان واردەگیرێت لە خزمەتی گشتی و ئەوانی تر بەكاربهێندرێت.

  • بەهێزکردنی پرۆسەی کۆکردنەوەی باج

بەشێکی تری کێشەکە پەیوەندی بە خودی پرۆسەی کۆکردنەوەی باج هەیە، کە خەلکێک بەهۆی نفوزی سیاسی، یان پێدانی بەرتیل و رەشوە یان فێلی تر خۆیان دەدزنەوە، ئەوەش چاک دەکرێت لە رێگای بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وەرگرتنی باج  و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەسپاکی، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر چاودێربن لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی باج و ئەگەرەکانی خۆدزینەوەی کۆمپانیاکان، هەروەها چاودێریکردنی زیاتری خاڵە سنوریەکان و بەهێزکردن و بەستنەوەیان بە رێگای تەکنەلۆژی پێشکەوتو بۆ رێگری کردن لە هەر حاڵەتێکی گەندەڵی.

  • توندکردنی سزا بۆ ئەوانەی خۆیان لە باج دەدزنەوە

ئێستا لە زیاتر لە ٤٠ وڵات رێوشوێنی یاسایی توندیان بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانە گرتۆتە بەر کە خۆیان لە پێدانی باج دەدزینەوە، پێدانی بەرتیل لەلایەن کۆمپانیاکان وەک تاوان هەژمار کردووە بە یاسای تایبەت، لە هەرێمی کوردستانیش پێویستە رێوشوێنە یاساییەکان توندتر بکرێن بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەهەر شێوەیەک بێت خۆیان لە پێدانی باج دەدزینەوە.

  • روونی لە خەرج كردنی باجی كۆكراوە

گەورەترین كێشەی خەلك لە پرۆسەی وەرگرتنی باج لەلایەن حكومەت ئەوەیە پێیان وایە ئەو پارەی لێیان وەردەگیرێت لە خزمەتی گشتی ناخرێتەوە گەڕ، بۆیە پێویستە حكومەت سیاسەتێكی روون لەو روەوە پەیرەو بكات، پیشانی بدات كە داهاتی باج لە كوێ و چۆن خەرج دەكرێت، بەبێ دروستكردنی متمانە سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە زەحمەت دەبێت.

لە پێش هەموو ئەوانەش پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەر بگرێت، چونکە بەتەنها یاساکان و دامەزراوەکان و سزاکان ناتوانن رۆلیان هەبێ لە کەمکردنەوەی گەندەڵی، پشتیوانی سیاسی گەرەنتی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.