چارەنوسی گرێبەستی ھایدرۆکاربۆنی دەوڵەتی عێراق و کوردستانی باشوور

دڵشاد موانی، ماستەر لە بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت و غاز/ بەریتانیا

فاکتەرە لەیەک نەچووەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و کوردستانی باشوور ھەر لە بواری خاک و نەتەوە و زمان و کلتوور و سیاسەتدا نەوەستاوە، بەڵکو شێوازی واژووکردنی گرێبەستی ھایدرۆکاربۆنیش وەک ھەموو بوارەکانی دیکەی ژیان ئاڕاستەی جودای وەرگرتووە.

لە بەندی ١١١ی دەستوری عێراق بەڕاشکاوی ئاماژە بۆ ڕستەیەکی موفید ئەکات کە گوایە خێرو بێری نەوتی عێراق ئەبێت بۆ ھەموو پێکھاتە جێوازەکانی عێراق بێت، وەھەروەھا واژوو لەسەر تەخمینکردنی بڕی ١٧٪ لە کۆی داھاتی نەوتی فرۆشراوی دەوڵەتی عێراق بۆ پشکی  کوردستانی باشوور کراوە، ھاوتا لەگەڵ مسۆگەرکردنی بڕی ١٧٪ی تریش لە نەوتی خام لە کۆی بەرھەمی نەوتی ساڵانەی عێراق بۆ پێداویستی ناوخۆی کوردستان، بەتایبەتی و بۆ پڕکەدنەوەی کورتھێنان لە سوتەمەنی پێویست بۆ خودی پیشەسازی نەوتی کوردستانی باشوور، وە بودجەی تایبەت ھەر لەداھاتی نەوت لە ژێر ناوی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دیاریکرا، بەو مەرجەی کوردستان پابەند بێت بە ھەناردەکردنی بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کە بەپێی ڕەیتی خەمڵێنراوی نەوتی ئەو سەردەمە کە یاساکەی تێدا جێگیرکراوە بەھای ئەو ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتە ئەکاتە ١٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە ڕۆژێکدا.

بەگوێرەی ڕێکەوتنی سەرەتایی لە نیوان ناوەند و دەسەڵاتی کوردستانی باشوور، ئەبوایە نەوتی کوردستان لەگەڵ نەوتی ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی کوردستان لە ڕێگەی خاوەندارێتی بۆری نەوتی عێراقەوە  بفرۆشرایە، وە پاشان پارەی نەوتی فرۆشراوی کوردستان لە ڕیگەی دامەزراوەی (ستەیت ئۆیل مارکێتین ئۆرگەنایزەیشن) (سۆمۆ) لەگەڵ نەوتی فرۆشراوی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ بودجەی ساڵانەی وڵات بەسەر پێکھاتە جیاوازەکان بە پیێ پشکی یاسایی دانپێدانراو کە لەدەستووردا ئاماژەی پێکراوە دابەش بکرایە.

شێوازی گرێبەستی نەوتی دەوڵەتی عێراق

ھاوکات لەگەڵ چەسپاندی پشکی کوردستانی باشوور لەداھاتی نەوتی عێراق، یاسای نەوت و غازیش لە پەڕلەمانی عێراق پەسەندکرا، بەپێی یاساکە حکومەتی عێراق لە پیشەسازی نەوتی خۆی شێوازی گرێبەستی ( تەکنۆلۆجی ھاوبەش) یان ( تەکنۆلۆجی شێرین کۆنتراکت)ی لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت پەیڕەو کرد. لەبەر ئەوەی وڵاتی عێراق خاوەنی ھەژموونی یاسایی نێودەوڵەتی خۆیەتی، بۆیە بە گوێرەی بەندەکانی گرێبەستی تەکنۆلۆجی ھاوبەش کۆمپانیا بیانیەکان ھەرگیز خاوەنداری نەوتی عێراقیان پێنادرێ، بەڵکو دەوڵەتی عێراق توانای تەکنۆلۆجی و ئاستی ئەندازیاری کۆمپانیا بیانیەکان بەکرێ ئەگرێت بەگوێرەی سیستەمی کرێی کاتژمێر یان ھەندێک جار بەگوێرەی بڕی لیتری نەوتی بەرھەم ھاتوو.

پاش فرۆشتنی ئەو نەوتەی کۆمپانیا بیانیەکان ھاوبەش لەگەڵ دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی عێراق بەرھەمیان ھێناوە، کرێی بەکارھێنانی ئامێرە پیشەسازی و توانا ئەندازیاریەکانی خۆیان لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەردەگرن ، لە کاتێکدا خاوەنداری، ھەناردەکردن وەھەروەھا فرۆشتنی نەوت ھەر بەناوی خودی دەوڵەتی عێراقەوە ئەبێت، لە ھەمان کاتدا کۆمپانیا بیانیەکان لەبەر کورت مەودایی گرێبەستەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەستباری دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی عێراق ئەکەن لە مەشق پێکردن و ھاریکاری کردنیان لە پێناو بەھێزکردنی توانای مرۆیی و ئەندازیارییان، بۆ ئەوەی لە کۆتایی کاتی بەسەرچوونی گرێبەستەکاندا دەمەزراوەی نەوتی نیشتمانی عێراق لە ئاستێکدا بێت کە تەواوی پڕۆسەی دەرھێنان، پاڵفتەکردن، ھەناردن، وەھەروەھا فرۆشتنی نەوتیش لە ئەستۆ بگرن.

بەو پێیەی ئاستی تەکنۆلۆجی دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی دەوڵەتی  عێراق تا ڕادەیەکی باش پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیوە، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر پشت بە ھاریکاری توانای تەکنۆلۆجی دامەزراوە بیانیەکانی نەوت ئەبەستێت، ئەمەش بەواتایەکی تر بڕی پارەی پاشەکەوت لە داھاتی نەوت زیاد دەکات بۆسەر بودجەی گشتی ساڵانەی وڵات.

بەپێی یاسای نەوت و غازی دەوڵەتی عێراق گرێبەستی تەکنۆلۆجی ھاوبەش یان (تەکنۆلۆجی شێرین کۆنتراکت) گشتێنراوە بۆ ھەموو پارێزگاکانی عێراق بە پاریزگاکانی کوردستانی باشووریشەوە ، ھەر بۆیە پێش جیابوونەوەی ئاڕاستەی گرێبەستە نەوتیەکانی کوردستان و ناوەند، ھەموو گرێبەستی بیرە نەوتەکانی ناوچەی کەرکوک بە چەمچەماڵ و تەقتەقیشەوە لەگەڵ کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ھەر بەگوێرەی مۆدێلی گرێبەستی تەکنۆلۆجی ھاوبەش واژوو کراون.

سەرەڕای  کەم و کورتی لە پێدانی بەشە بودجەی تەخمینکراو وە دێر گەشتنی پشکی کوردستان لە بودجەی ساڵانەی نەوتی عێراق، بەڵام ئاکامی چەسپاندنی ئەو مافە دەستووریانە بۆ کوردستانی باشوور لەسەرەتادا تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ بە ڕادەیەکی باش گەشەی ئابووری و ئۆقرەی سیاسی لە تەواوی عێراق و کوردستانی باشوور چەسپاند.

شێوازی گرێبەستی نەوتی  کوردستانی باشوور 

دەرئەنجامی کۆنفلێکسە سیاسیەکانی نێوان کوردستان و ناوەند لەسەر مادەی ١٤٠ لە دەستووری فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە ناوچە کێشە لەسەرەکان، وەھەروەھا نەگەشتنی بودجەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە داھاتی نەوتی عێراق و ھاوپێچ لەگەڵ دەیەھا ئاریشەی لاوەکی تر بوون بە ھۆی دروست بوونی خواستی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی کوردستانی باشوورەوە.

لەبەر پێگەی جیۆپۆلەتیکی حکومەتی کوردستان، نەتوانرا پەیڕەوی ھەمان ئەو شیوازە گرێبەستە نەوتییە بکرێت کە دەوڵەتی عێراق واژووی ئەکات لە پیشەسازی نەوتی خۆیدا، دەسەڵاتی کوردستانی باشوور وەک ھەرێمێکی فیدڕاڵ لە دەستووری عێراق مافی چۆنێتی ھەڵبژاردنی شێوازی  گرێبەستی نەوتی لەگەڵ دامەزراوەکانی بواری نەوتدا ھەیە، بۆیە بە پێچەوانەی شێوازی گرێبەستی نەوتی (تەکنۆلۆجی شێرین کۆنتراکت)ی دەوڵەتی عێراق، حکومەتی کوردستان پەنای بۆ گرێبەستی جۆری بەرھەمی ھاوبەش یان (پڕۆدێکشن شێرین کۆنتراکت) برد.

جیاواز لە گرێبەستی تەکنۆلۆجی ھاوبەش، لە گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەشدا دامەزراوە بیانیەکانی نەوت پشکدار ئەبن لە نەوتی وەبەرھاتووی کوردستان، لە کاتێکدا لە گرێبەستی تەکنۆلۆجی ھاوبەش کۆمپانیا بیانیەکان ھەرگیز مافی خاوەدارێتی پشکی نەوت وەرناگرن، لە بەرامبەردا مەترسی و ڕیسکی پڕۆسەی وەبەرھێنانی نەوت لە ئەستۆ ناگرن، بەڵکو تەنھا بە پێی گرێبەستی کاتی کرێی بەکارھێنانی ئامێرەکانیان و توانا ئەندازیاریەکانی خۆیان لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەردەگرن. بە بڕوای زۆربەی لێکۆڵەرانی گرێبەستەکانی بواری ھایدرۆکاربۆن بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی حکومەتی کوردستان لەبەر دوو ھۆکار شێوازی گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەش باشترین پێدراوە بۆ پیشەسازی نەوتی کوردستان:

یەکەم: لە بەر ئەوەی بە پێی گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەش کۆمپانیا جیھانیەکانی نەوت ئەبنە پشکدار لە نەوتی بەرھەم ھاتووی کوردستان، بۆیە ئەو دامەزراوانە ئەتێنشنێکی تایبەت ئەدەن بە ئۆقرەی سیاسی کوردستان و لە باشترین ڕەوشدا دامەزراوەکان لەبەر ھەبوونی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لۆبی کاریگەر لە جیھاندا بەکرێ ئەگرن بۆ پرسی بەدەوڵەت بوونی کوردستانی باشوور لە ئایندەدا.

دووەم: سروشتی گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەش درێژخایەنە و بە تێپەڕبوونی کات دامەزراوە پشکدارەکان ئەزموونی چەندان ساڵەی بەڕێوەبردن و پیتڕۆلیۆمی خۆیان لە کوردستان ئەخەنەکار، ئەمەش بە دڵنیایەوە کاریگەریی بەرچاوی ئەبێت بۆ گەشەکردنی دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی کوردستانی باشوور.

دوای دروست بوونی ناوچەیەکی ئەمنی بەرین لە نێوان کوردستان و دەوڵەتی عێراق بەھۆی سەرھەڵدانی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، لە ئێستادا دەسەڵاتی کوردستانی باشوور نەک نەوتی تەراتۆری ژێرڕکێفی خۆی، بگرە نەوتی ناوچە کێشە لەسەرەکان یان ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی کوردستانی باشوور ھەر لە ڕێگای بۆری نەوتی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە بۆ بازاڕیکردن ئەگەیەنێتە بەندەری جیھان لە وڵاتی تورکیا.

بەڵام لەبەر نەبوونی دانوسانکاری پڕۆفیشناڵ لە بواری گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەش وەھەروەھا لە بەر لاوازی توانای ھەناردەکرن و فرۆشتنی نەوتی وەبەرھاتووی کوردستان بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لە ئێستادا پشکی ١٧٪ بۆ کوردستانی باشوور لە داھاتی نەوتی عێراق ڕێژەکەی زۆر زیاترە لە خاوەنداری و فرۆشتنی ١٠٠٪ی نەوتی وەبەرھاتووی کوردستان لە ڕیگای ھەناردەکردنی دەوڵەتی تورکیاوە.

دەرەنجام :  چارەنوسی گفتوگۆکان لە مەڕ گرێبەستی ھایدرۆکاربۆن لە نێوان دەوڵەتی عێراق و حکومەتی کوردستانی باشوور پەیوەستە بە ئاستی شارەزایی و لێزانی دانوسانکارەکانی بواری گرێبەستەکانی پیشەسازی نەوت و غازی دەسەڵاتی کوردستانی باشوور، لە ئێستادا لە بەر جیاوازی ستایلی گرێبەستەکانی عێراق و کوردستان بەتایبەتی لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڕاستەی گرێبەستەکان مەودایەکی بەرینتر لە نێوانیاندا دروست ئەبێت. لە ئێستادا حکومەتی کوردستانی باشوور نزیکی ٤٥ گرێبەستی جۆری بەرھەمی ھاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە جیھانیەکانی بواری نەوت و غاز واژوو کردوە، لە ڕاستیدا ھەندێک لەو دامەزراوانە لە عیملاقترین و کاریگەرترین دامەزراوەکانی پیشەسازی نەوتە لە جیھاندا وەک ئێکسۆنمۆبیل و ڕۆزنەفت.

دواجار:
لە پێناو بێ نیاز بوونی کوردستان بە دەوڵەتی عیراق و دامەزراوەی سۆمۆ، بە بڕوای ئێمە دەسەڵاتی کوردستانی باشوور پێویستە لە پێناو گەشە پێکردنی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئیش لەسەر ئەم دووخاڵەی خوارەوە بکات:

یەکەم: بڕیار بەدەستانی پیشەسازی نەوتی کوردستانی باشوور پێویستە پلانی ستراتیجی درێژخایەن داڕیژن بۆ دروستکردنی دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی پێشکەوتوو بۆ کوردستان، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەندازیاری و شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو دامەزراوە  پێشکەوتووانەی کە لە بەرھەم ھێنانی نەوتی کوردستان پشکی شێریان بەر کەوتووە، بۆ ئەوەی دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی لەسەر پێی خۆی بووەستێت تا بتوانێت لە داھاتوویەکی نزیکدا لە جیاتی گرێبەستی بەرھەمی ھاوبەش، گرێبەستی شێوازی (جۆین ڤەینجەر) یان سەرمایەی ھاوبەش لەگەڵ دامەزراوەکانی بواری نەوتدا واژوو بکات، ئەوکاتە داھاتێکی زیاترلە ڕێگەی پیشەسازی نەوتەوە بۆ کوردستان بەدەست دێت.

دووەم: لە یاسای نەوت و غازی جیھانیدا ھەموو دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی بواری نەوت بێجگە لە داھاتی ھاوبەشی فرۆشتنی نەوت بودجەیەکی تایبەتیان تەرخانکردوە بۆ دڵنیایی کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی وەھەروەھا بۆ پاراستنی ژینگەی ئەو ناوچانەی کە بلۆکی وەبەرھێنانی نەوتی تێدایە، بۆیە لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵک لە لایەن دەوڵەتی عیراقەوە بڕاوە، بەو ھۆیەوە لە کوردستان کرایسی ئابووری دروست بووە، زۆر پێویستە حکومەتی کوردستان بۆ چارەسەری ئەم ڕەوشە لە ڕێگای دانوسانکاری پڕۆفیشناڵی تایبەت بە گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ دامەزراوەکاندا ڕێک بکەوێت ھەتا ئەو بوودجە تایبەتەی کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەبێت دامەزراوەکان وەک بیمەی کۆمەڵایەتی خەرجی بکەن، لە ئێستادا بیخەنەکار بۆ چەسپاندنی ئۆقرەیی ئابووریی لە کوردستان لە پێناو فەراھەم ھێنانی ڕەوشێکی ئارامتر بۆ خەڵکی کوردستان، ھەتا پیشەسازی نەوت گەشە ئەکات و لەسەر پێی خۆی ئەوەستێت.

سەرچاوە/ سایتی خەندان

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.