وەزارەتی دارایی یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەنێت

میدیای ستۆپ

وەزارەتی دارایی و ئابوری یەکەم هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نا و  چەند بڕیارێکی لەوبارەیەوە دەرکرد، لە گرنگترینیان دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران و هەروەها وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان و کارکردنی سندوقی خانەنشینییە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایگەیاند: “ ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی نیسانی 2020، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەکانی، ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی وئابوری بەسەرپەرشتى ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (4)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا”.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ناوەرۆکی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ئەنجومەنی وەزیران کرا کە دوای پەسەنکردنی پەیرەوی یاسای چاکسازی ئەنجامدرا و لەژێر رۆشنایی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، وەزیری دارایی و ئابوری بریاریدا لەسەر:

1- کاراکردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی کوردستاندا و کردنەوەی ئەژمێرەیەکی تایبەتی بانکی بۆ ئەو سندوقە.

2- بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەکردنی پەیکەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین،  کە دەبێتە تاکە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەک گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.

3- بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنەبەر بەمەبەستی یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

4- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کردنەوەی ئەژمێرەیەکی کەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.

5- ئامادەکردنی رێکارە یاسایی و کارگێرییەکان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەکان.

6- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری تایبەت بە  جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە پێناو جێبەجێکردنی خێرای یاساکەدا.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.