د. محەمەد شوانی
رێكخستنی بیرۆكراتی له كارگێری و بەڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگای كوردیدا مێژویه‌كی دورودرێژی نییه، جگه له‌م (29) ساڵه‌ی باشوری كوردستان، ئیتر به درێژایی مێژوی كورد چه‌ند جارێك و بۆ ماوه‌ی زۆر كه‌م هه‌لێكی بۆ رێكه‌وتوه په‌یكه‌رو دامه‌زراوه‌یه‌كی كارگێری كوردی دامه‌زرێنێت، وه‌كو سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردو له سلێمانی سه‌رده‌می شێخ مه‌حمود، و ناوەڕاستی چله‌كان له مه‌هاباد سه‌رده‌می پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، و نزیكه‌ی ده ساڵێكیشه له به‌شێكی رۆژئاوای كوردستان. بۆیه كورد ئه‌زمونی له‌گه‌ڵ ئیتیكه‌كانی پیشه‌ی رێكخستنی بیرۆكراتیدا نیه، واته ئه‌خلاقی كاری بیرۆكراتی كه‌مه یان نیه، ئیتر ئه‌م بێ ئه‌خلاقیه له رێكخستنی بیرۆكراتیدا سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی گه‌نده‌ڵیه‌كان بوه له فه‌رمانڕه‌وایی كوردیدا، هه‌ندێكجار كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌شی لێ كه‌وتوه‌ته‌وه .
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه نه‌كه‌ینه بیانوی گه‌نده‌ڵیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بێئه‌خلافی پیشه‌یی ته‌نیا په‌یوه‌ندی به مێژو و وه‌رگرتنی ئه‌زمون و شاره‌زاییه‌وه نیه له كاری دامه‌زراوه‌یی و رێكخستنی بیرۆكراتیدا، بۆیه ده‌ڵێم سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه و ناڵێم ته‌نیا هۆكاره، چونكه هۆكاره‌كانی تر زۆرن بۆ گه‌نده‌ڵی و خیانه‌ت، هه‌ندێكیان په‌یوه‌ستن به كلتوری كۆمه‌ڵگا و په‌یوه‌ندی نێوان به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه.
به‌رژه‌وه‌ندی كۆلكه‌یه‌كی هاوبه‌شه له نێوان ئیتیكه‌كانی پیشه‌و گه‌نده‌ڵیدا، ناوه‌ڕۆكی فه‌لسه‌فه‌ی بەڕێوه‌بردن ئه‌مه دیاری ده‌كات، واته سیسته‌می سیاسی كۆمه‌ڵگا، چونكه سیاسه‌ت هونه‌ری بەڕێوه‌بردن و گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه، خۆشبه‌حاڵی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی كار ده‌كه‌ن و ئامانجی سیاسه‌تكردنیان وه‌كو به‌هایه‌كی مرۆیی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگایه، چونكه هه‌میشه سیاسه‌ت روانگه و ئاڕاسته‌كانی خۆی له به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه وه‌رده‌گرێت، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ش چ به‌ده‌ستهێنان یان دورخستنه‌وه‌ی زیان بێت، لێره‌وه په‌یوه‌ندیه‌كی زۆر توند و تۆڵ له نێوان به‌ها مه‌عنه‌ویه‌كانی كۆمه‌ڵگاو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی و سیاسیه‌كانیدا هه‌یه به رێكخستنی بیرۆكراتی و سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی وده‌سه‌ڵاتی سیاسیشه‌وه.
هه‌ر كاتێك به ده‌ستهێنان یان دورخستنه‌وه‌ی زیان له تاكه كه‌س یان بنه‌ماڵه یان حیزب و گروپێك بوه ئامانجی دامه‌زراوه‌كان له په‌یكه‌ره‌كانی كارگێری و كۆمه‌لایه‌تی وسیاسیدا، ئیتر هیچ مانایه‌ك بۆ ئیتیكی پیشه‌یی یان (ئه‌خلاقی كاری دامه‌زراوه‌یی ) نامێنێته‌وه و گۆمه‌ڵگا لێوان لێو ده‌بێت له گه‌نده‌ڵی و چاوه‌روانی كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لێ ده‌كرێت.
جگه له مێژو و كه‌ڵه‌كه‌بونی ئه‌زمون وشوێنی به‌رژه‌وه‌ندی له سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی بەڕێوه‌بردندا، میراتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌له‌پور و كەلتوری كۆمه‌ڵگاش رۆڵی كرنكیان هه‌یه له به‌هێزكردن یان لاوازكردنی ئیتیكه پیشه‌ییه‌كان، یان به‌رده‌وامی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیدا، چونكه چۆنیه‌تی گوزارشت كردن له به‌ها جوانه‌كان وێنه‌ی كلتوری كۆمه‌ڵگامان پێ پیشان ده‌دات، و ئه‌وه‌ی به‌ها ده‌داته هه‌ر ره‌فتار و كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كلتوره.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی كلتوریشدا ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌ها و ده‌ركه‌وته‌یه‌كی مرۆیی چوان كۆنترۆڵی بكه‌ره‌كانی ده‌كات تا جڵه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بكه‌ن له كارلێك و به‌ریه‌ك كه‌وتنێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بریتیه له ئه‌خلاق، كاتێك ئه‌م كارلێك و به‌ریه‌ككه‌وتنانه‌ی هه‌ندێك له كه‌سایه‌تیه‌كان فراوانتر ده‌بێت و ئاستی باڵاتر وه‌رده‌گرێت، یان ده‌بێته كاری رۆژانه‌ی و به‌رپرسیاریه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌بێته جومگه‌یه‌ك له جومگه‌كانی بەڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا و شێوازی سیسته‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ی رێكخستنی بیرۆكراتی له‌م سیسته‌مه جیا ده‌كاته‌وه، به‌رپرسیاریه‌تی یاسایی و ئیتیكه‌كانی پیشه‌یه، به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌خلاقی جیاوازه و فراوانتره له به‌پرسیاریه‌تی یاسایی.
ئه‌گه‌رچی له رێكخستنی بیرۆكراسی و حكومه‌تداریدا به یاسا ئه‌رك و ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان دیاری ده‌كرێن و عاقیبه‌تی سزای یاساییان بۆ دانراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له كلتوری كۆمه‌ڵگاكه‌دا نه‌بنه ئیتیكی پیشه‌یی و ئه‌خلاقی كاركردن، گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام ده‌بێت، له راستیدا ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به فه‌له‌سه‌فه‌ی بەڕێوه‌بردن و سیسته‌می سیاسیه‌وه هه‌یه چۆن ئیتیكه‌كانی پیشه یان ئه‌خلاقی كاركردنی دامه‌زراوه‌یی ده‌كاته نمونه‌ی به‌ها جوانه‌كانی كۆمه‌ڵگا و رێگری له گه‌نده‌ڵی.