رێکخراوى ستۆپ راپۆرتى دوومى چاودێرى و هەڵسەنگاندنى هەنگاوەکانى چاکسازى بڵاوکردەوە

ستۆپ-میدیا

رێکخراوى ستۆپ بۆ چاودێرى و پەرەپێدان راپۆرتى دوومى چاودێرى و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانى چاکسازى بڵاوکردەوە.

رێکخراوى ستۆپ لە چوارچێوەى پڕۆژەى بەهێزکردنى لێپرسینەوە و دەسەڵاتى یاسا لە هەرێمى کوردستان، کە بە پاڵپشتى سندوقى نیشتمانى بۆ دیموکراسى (NED)ى ئەمریکى جێبەجێ دەکات، ئەمڕۆ ١٤ى٩ى ٢٠٢٠ راپۆرتى دووەمى چاودێرى و هەڵسەنگاندنى هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان (1ى 2ى 2020 تاکو 1ى 9ى 2020) بڵاوکردەوە.
Cover 1

راپۆرتەکە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی كابینەی نۆیەم لە بەرواری (1ی 2ى (2020 تاکو (1ی 9ی 2020) كراوە، واتە حەوت مانگ،  بۆ جێبەجێكردنی 13 هێلە گشتیەكەی چاكسازی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەم هاتووە.

چەند تەوەرەیەکى سەرەرکى راپۆرتەکە:

  • ئەنجومەنی وەزیران لەو ماوەیە (14) كۆبونەوەی ئەنجامداوە كە (8) كۆبونەوە لە رێگای ئۆنلاین بوە.
  • بڕیار بو، ئەنجومەنی وەزیران (14 پرۆژە یاسا) پێشكەشی پەرلەمانى کوردستان بكات، زۆرینەیان پەیوەندیداربونە بە چاكسازی، لەو ماوەیە، بەڵام تەنها سێ پرۆژە یاسای پێشكەشكردووە (ماددە هۆشبەرەكان، چاكسازی، لە ئەستۆكردنی فەرمانبەران).
  • لە ماوەی یەك ساڵی كاركردنی حكومەتی هەرێم (64 بڕیار)ى بۆ چاكسازی و زیادكردنی داهات و باشتركردنی خزمەتگوزاری و ئەدانی دامەزراوەكان دەركردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچون زۆرینەی هەرە زۆریان یان نەچونەتە بواری جێبەجێكردن یاخود بە سستی جێبەجێ دەكرێن. بۆ نمونە هەردوو بڕیاری لابردنی لێخۆشبونی باج لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی كە لەكەرتی (نەوت و وزە) كاردەكەن كە (820 كۆمپانیان)، هەروەها لابردنی لێخۆشبونی گومرگی كە لە مانگی ٥ى ٢٠٢٠ دەرچوون هێشتا جێبەجێ نەكراون.
  • راپۆرتەكانی دیلۆیت و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان تەنها باسی داهاتی نەوت دەكەن و بەهیچ شێوەیەك باسی داهاتی كێلگە غازییەكان ناكەن.
  • حكومەت لە ساڵی 2016ەوە گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای ENY كردووە بۆ وردبینی لە داهاتی شیرینی گرێبەستە نەوتیەكان، بەڵام تا ئێستا هیچ راپۆرتێك لەو بارەوە بۆ رای گشتی بڵاونەكراوەتەوە، لەكاتێك ئەو بابەتە گومانی گەندەڵی لەسەرە.

1

  • بەگوێرەی راپۆرتی دیلۆیت حكومەتی هەرێم تەنها (54% داهاتی نەوتی) لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ماوەتەوە ؛ لەكاتێكدا حكومەتی عێراق (85.7% داهاتی نەوتی) بۆ گەڕاوەتەوە، حكومەتی هەرێم هەنگاوەكانی بۆ زیادكردنی داهاتی ئەو كەرتە دەستپێكردووە، بڕیاریشی لەبارەوە داوە، بەڵام هێشتا وەك پێویست بڕیارەكان جێبەجێ نەكراون
  • ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی رابردوو چوار لیژنەی جۆراوجۆری بۆ رێكخستنەوەی خاڵە سنوریەكان پێكهێناوە ( پێداچونەوە بەگرێبەستی كۆمپانیا خزمەتگوزاریەكان، بەدواداچون و دیراسەكردنی خاڵە سنوریەكان، لێژنەی پێداچونەوە بە باج، لیژنەی پێداچونەوە بە لێخۆشبونی گومرگی.
  • دروستكردنی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان پرۆژە یاساكە ئامادەكراوە، چاوەڕێ دەكرێت لەو وەرزەی یاسا دانانی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت بۆ پەسەند كردنی، كە یەكێكە لە بەڵێنەكانی چاكسازی، بۆ كۆنترۆڵكردنی دیاردەی دەرمان و خۆراكی قاچاخ پێویستە لە پێشدا دەروازە سنوریەكان كۆنترۆڵیان بەهێزتربكرێت.
  • یاسای چاكسازی كار و هەنگاوەكانی هێشتا بەخاوی دەڕوات و تا ئێستاش دیار نیە كە یاساكە دەتوانێت مووچەی ئەوانە ببڕێت كە پێیان دەوترێت بن دیوار، چونكە بەگوێرەی بەدواداچونی ئێمە سیستەمی بایۆمەتری سەركەوتوو بوە لە ئاشكراكردنی زیاتر لەجارێك سوود مەندبون لە سامانی گشتی، بەڵام لە دیاریكردنی بن دیوارەكان سەركەوتوو نەبوە، پێویستە حكومەت لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتری ئەو رێوشوێنە توندتر بكات.
  • ستراتیژیەتی ڕووبەروبونەوەی گەندەڵی كە بۆ 2020 تا 2030 دارێژراوە، بۆ پەسەندكردن هەنگاوێكی گرنگ دەبێت ئەگەر حكومەت لەو ڕوەوە بەخێرایی كاری لەسەر بكات.
  • نەبونی پرۆژە یاسای بودجە بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم شەفافییەت لە خەرجی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (٧ ساڵە) هەرێمی كوردستان بێ بودجەیە كە ئەوەش درێژترین ماوەیە كوردستان بێ بودجە بێت لە دوای راپەرینەوە.
  • ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە سایتی سەرجەم دامەزراوە و وەزارەتەكان ڕابگرێت و هەموو چالاكیەكی و هەواڵەكان تەنها لە سایتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوبكرێتەوە، كە ئەوەش سنورداركردنی شەفافییەت و كاری میدیای وەزارەتەكان و پشتگوێ خستىنى یاساى مافی دەستکەوتنى زانیارییە.
  • حكومەتی هەرێم هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری ژمارەی 11ی ساڵی 2013، لەكاتێكدا بەڵێنێكی كابینەی نۆیەم بەهێزكردنی شەفافییەتە لەكارەكانی حكومەت.
  • ئەنجومەنی وەزیران لە رێگای پرۆژەیەكەوە پلانی فرۆشتنی زەوی و موڵكی حكومی هەیە، كە ئێمە پێمان وایە ئەو هەنگاوە بەبێ دیراسەكردنی ورد لەو قۆناغەیە هەڵەیە و مەترسیدارە، پێویستە بۆ زیادكردنی داهات پەنا بۆ چاكسازی ببرێت لەكەرتەكانی تر.
  • لەبەشى دووەمى راپۆرتەکە، هەڵسەنگاندن و راسپاردە لە سەر راپۆرتى (١ ساڵى) تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە.
  • لە کۆتایی راپۆرت، ئەو هەڕەشانەى لە ئایندە رووبەڕوى هەرێمى کوردستان دەبێتە خراوەتە روو، کە ئەگەر کابینەى نۆیەمى حکومەت ئەو چاکسازیانەى کارنامەکەى بە سستی جێبەجێ بکات.
  • رۆڵی پەرلەمان و دەزگاكانی ڕووبەروبونەوەی گەندەڵی هێشتا لاوازە، پەرلەمان وەك خۆیان ئاماژەیان پێكردووە چەندین جارە داوا دەكەن بەرپرسانی حكومەت لەسەر پرسی خاڵە سنوریەكان سەردانی پەرلەمان بكەن بەڵام تا ئێستا نەچوون، هەروەها تا ئێستا دەرفەت بە دیوانی چاودێری دارایی نەدراوە بۆ وردبینی لە مەلەفی نەوت، ئەو كەیسانەشی ئاراستەی دەستەی دەسپاكی كراون بۆ لێكۆلینەوە تەنها سێ كەیس بوونە، جگە لەوەی ئەو كەیسانەشی داواكاری گشتی جوڵاندیتی لەسەر گەندەڵی یەكلا نەكراونەتەوە لە دادگاكان. واتە بەگشتی هەنگاوەكانی دامەزراوەكانی ڕووبەروبونەوەی گەندەڵی و پشتیوانی لێیان هێشتا زۆر لاوازە.

سەرەتاى چاڵاکییە، فەرمان رەشاد رێکخەرى تیمى ئامادەکردنى راپۆرت، ناوەڕۆکى رپۆرتى دووەمى (چاودێرى و هەڵسەنگاندنى هەنگاوەکانى چاکسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان) بۆ دەزگاکانى راگەیاندن خستەڕوو.

2

دواتر سەعید هەرکی جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەسپاکی لە پەرلەمانى کوردستان، هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاوەکانى جێبەجێ کردنى یاساى چاکسازى کرد.

3

بۆ دەست خستن و خوێندنەوەى تەواوى راپۆرتەکە کلیک لەسەر بەرگى راپۆرتەکە بکە:

Cover 2

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

وەڵامدانەوە دابنێ

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە.