چەند داتایەك لەبارەی باج لە راپۆرتی رێكخراوی ستۆپ بۆ هەڵسەنگاندنی چاكسازی دارایی لە كابینەی نۆیەم

سالی ٢٠١٢ بری داهات لە ڕێگەی باجەوە ١٢٨ ملیار دینار بووە و ڕێژەکە لە ٢٠٢١ دا گەیشتووەتە ٧٩٦ ملیار دینار

میدیای رێكخراو

لە دوای تێپەڕبوونی تەمەنی کابینەکە کە نزیکەی چوار ساڵە، ڕێکخراوی ستۆپ لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی هەڵسەنگاندنى چاکسازى دارایی لە کابینەى نۆیەمدا، چەند زانیارییەکی گرنگی لە بارەی داهاتی ناوخۆ و بڕیار و ڕاسپاردەکان لە بارەی چاکسازی هاوکات ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەوە بڵاو کردووەتەوە کە باج بە حکومەت دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە كە  ڕێکخراوی ستۆپ  بەپشتیوانی رێكخراوی NED ی ئەمریكی لەچوارچێوەی پرۆژەی بەهێزكردنی لێپرسینەوە و دەسەڵاتی یاسا ئامادەی كردووە هاتووە :” داهاتی ناوخۆ لە دە سالی ڕابردودا ڕێژەکەی بەرزبووەتەوە و لە کابینەی نۆیەمیشدا ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی باج توند کراونەتەوە، بە جۆرێک سالی ٢٠١٢ بری داهات لە ڕێگەی باجەوە ١٢٨ ملیار دینار بووە و ڕێژەکە لە ٢٠٢١ دا گەیشتووەتە ٧٩٦ ملیار دینار، بەو پێیەش لە ماوەی دە ساڵدا داهاتی باج لە سەدا ٦٢١ زیادی کردووە.

پرسی زیادکردنی باج لە کابینەی نۆیەمدا لەو پرسانەیە، کە زۆرترین قسە و هاوکات گلەیی هاوڵاتیانی بە دوای خۆیدا هێناوە، بە جۆرێک بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم دەڵێن حکومەت تەنیا باجی زیاد کردووە و بۆ ئەوەش پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی نەبەستووە لە بەرامبەریشدا
بەڕێوەبەری گشتی باج و دەراماتەکان، باس لەوە دەکات باج زیاد نەکراوە، بەڵکو تەنیا رێکخراوەتەوە، چونکە پێشتر هەرێمى کوردستان بودجە و شایستەى دارایی لە بەغدا بۆ هاتووە، کەمتر پشت بە داهاتى ناوخۆ بەستراوە و لە وەرگرتنى باج و رسومات چاوپۆشی کراوە، بەڵام لە ئیستادا بەگوێرەى زانیارییەکان بە ٤١٧ رێگا باج ‌و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت ‌و دەبێتە سەرچاوە داهاتى نانەوتى بۆ حکومەتی هەرێم.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ، حکومەتی هەرێم لە دوای سالی ٢٠١٦ەوە بە پشت بەستن بە ئەحکامى مادەى هەشتەم لە یاساى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە زۆربەی وەزارەتەکاندا بڕی باجی زیاد کردووە، لەوانە، لە تاپۆکردنی خانوبەرەدا وەرگرتنی باج لە سەدا یەکەوە کراوەتە سەدا سێ، لە کاتێکدا بە پێی مادەی ٢٨ی دەستوری عێراق سەپاندنی باج یان رسوماتێک زیادکردن و کەمکردنەوەی یان لێخۆشبون لێی پێویستە بە یاسایەک بێ کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت، بەپێچەوانەوە بە رێنمایی یان بە بریاری حکومەت یان وەزیر سەپێندرابێ پووچەلە.

رەنگە تۆ ئارەزووی ئەمانشە بکەیت پۆستی زیاتری نوسەر

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.