راپۆرتی (چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیار و راسپارده‌كان)

(چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی بڕیار و راسپارده‌كان)

بڕیار و راسپاردەکانی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان ١/١/٢٠١٦ تاکو ٩/١٢/٢٠١٦

راپۆرتێكه‌ تایبه‌ت به‌ رۆژی جیهانی رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی
له‌لایه‌ن (رێكخراوی ستۆپ بۆ دژه‌ گه‌نده‌ڵی) ئاماده‌ی كردوه‌

ستۆپ

رۆژی ٩ی كانونی یه‌كه‌م لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە  له‌چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنی جیهانی ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ساڵی 2003 کراوەتە (رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی – International Anti-Corruption Day) لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر لە وڵاتانی دونیادا بەڕێوەدەچێ بۆ ناساندنی گەندەڵی و لێکەوتە خراپەکانی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی و هەروەها بۆ فشار دروست کردن لە سەر دەسەڵاتدار و حوکمڕانان بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست و کرداری بۆ شەڕی راستەقینەی دژە گەندەڵی بگرنە بەر، هاوكات گه‌نده‌ڵی وه‌ك تاوان له‌و چوارچێوه‌یه‌ پێناسه‌ی بۆكراوه‌.

 ئەو راپۆرته‌ی به‌رده‌ستتان تایبه‌ته‌  به‌هه‌ڵسه‌ندگاندنی پرۆسه‌ی  بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی له‌هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ له‌ رێكخراوی ستۆپ به‌گرنگیه‌وه‌ سه‌یری پرۆسه‌ی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین و، ئه‌و ڕاپۆرته‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌گوێره‌ی داتا و زانیاری و بڕیاره‌كان جده‌یه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پرۆسه‌ی ڕوو به‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بخه‌ینه‌ ڕوو.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی قه‌یرانی دارایی و، دواكه‌وتنی موچه‌ و درێژه‌كێشانی قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوریه‌كانی هه‌رێم، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و  حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  و حیزبه‌ سیاسیه‌كان چه‌ندین پرۆژه‌  و به‌رنامه‌ی چاكسازیان ڕاگه‌یاند به‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی دارایی و ئیداری له‌هه‌رێمی كوردستان.

به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی ئێمه‌ كردوومانه‌ بۆ ساڵی 2016 به‌ڵێنی زۆردراوه‌ بۆ چاكسازی، له‌چه‌ند په‌یامێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی گه‌نده‌ڵی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌تر له‌داعشیش ناوبرد،  له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم قوباد تاڵه‌بانی له‌ 5/12/2015 رایگه‌یاند ساڵی 2016 ده‌كه‌ینه‌ ساڵی چاكسازی.

 رێكخراوی ستۆپ بۆ دژه‌ گه‌نده‌ڵی وه‌ك ئه‌ركێكی رێكخراوه‌یی خۆی له‌ماوه‌ی ساڵی 2016  به‌ ووردی چاودێری جێبه‌جێ كردنی به‌ڵێنه‌كانی چاكسازی كردوه‌، ئه‌و بڕیار و لیژنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت ده‌ركراون و پێكهێنراون و، ئاستی جێبه‌جێ كردنی به‌ڵێنه‌كانیان له‌و ڕاپۆرته‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، ئامانج له‌و ڕاپۆرته‌ ده‌رخستنی ئاستی پابه‌ندبونی دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌یده‌ن، هاوكات بۆ ئاگاداربونی ڕای گشتیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خاڵه‌ لاوازه‌كان دیاریبكرێن له‌پێناو ئه‌وه‌ی بڕیار و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن و، له‌سه‌ر كاغه‌ز نه‌مێننه‌وه‌.

قۆناغه‌كانی ڕوو به‌ ڕوو بونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌هه‌رێمی كوردستان

ئاشكرایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی پرۆسه‌ی حكومڕانی خۆماڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان پرسی ئه‌نجامدانی چاكسازی بابه‌تێك بوه‌ هه‌میشه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌،  به‌ڵام پرسی ڕوو به‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌ دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه‌ی هه‌رێم هاته‌به‌رباس، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا به‌جۆرێك له‌جۆه‌كان ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كرایه‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت دان به‌وه‌ بنێت گه‌نده‌ڵی مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم، به‌ڵام هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پرۆسه‌كه‌ گه‌شه‌ی كرد، سه‌ره‌تا حكومه‌ت و به‌رپرسانی باڵا داوای به‌ڵگه‌یان ده‌كرد، هه‌نگاوی دووه‌م دانیان به‌وه‌ نا كه‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، هه‌نگاوی سێ یه‌م پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ بۆ بن بڕكردنی گه‌نده‌ڵی، هه‌نگاوی چواره‌م كۆتایی كه‌ قه‌ڵاچۆ و ڕوو به‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌ تاكو ئێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ئیداره‌ی هه‌رێم وه‌ك پێویست نه‌خراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێ كردن، هه‌ر بۆیه‌ زۆرینه‌ی پرۆژه‌ و لیژنه‌ و هه‌نگاوه‌كان به‌بێ كاریگه‌ری و جێبه‌جێ كردن پشتگوێ ده‌خرێت.

جیاكاری له‌ پرۆسه‌ی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی

ئه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌مساڵ جێگای سه‌رنجه‌ له‌پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌وه‌یه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ بڕیارێك  هاوكاریه‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ناوی چاودێری خێزان هاوكاریان پێشكه‌شكراوه‌ مانگی 11 2015 بڕاوه‌، له‌به‌رامبه‌ردا دۆسیه‌ی ئه‌و 500‌  كه‌سه‌ی به‌ نایاسایی به‌ پله‌ی باڵا خانه‌نشین كراون و، له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵ  له‌لایه‌ن داواكاری گشتی یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ موچه‌یان ببڕێت به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی ڕه‌تیكردۆته‌وه‌ موچه‌كان ڕابگرێت و، ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان كردووه‌.

ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه‌ كه‌ ئه‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌ڵك ئاسایی هه‌یه‌ له هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی به‌ ئاسانی رێوشوێنیان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر به‌ڵام ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ كه‌سانی باڵاده‌ست هه‌یه‌ ناتوانرێت به‌ ئاسانی رێوشوێنی یاسایی دژیان بگیرێته‌ به‌ر.

 بڕیار و لیژنه‌ی جیاواز  بۆ هه‌مان مه‌به‌ست

یه‌كێك له‌و سه‌رنجانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر بڕیار و ڕاسپارده‌ و لیژنه‌كانی چاكسازی هه‌یه‌، بریتیه‌ له‌وه‌ی له‌كاتی جیاواز بریار و لیژنه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پێكده‌هێندرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ پێشتر بڕیار بۆ ئه‌و پرسه‌ یان لیژنه‌ی بۆ پێكهاتووه‌. چه‌ند نمونه‌یه‌ك: بۆ نمونه‌ بۆ چاكسازی كردن له‌ میلاكاتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌رای هه‌بونی بریاری ژماره‌ (19) له‌ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت لیژنه‌ و بڕیاری تر ده‌كراوه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست. له‌باره‌ی زیاده‌ رۆیی له‌سه‌ر موڵك و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان ته‌نها له‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دوو بڕیاری بۆ ده‌رچوه‌ له‌ دوو لیژنه‌ی جیاواز.

ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو نیه‌ بۆ كاره‌كان له‌ لیژنه‌ و بریاره‌كان بۆ چاكسازی. له‌ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ش بێ سه‌روبه‌ری دروست ده‌بێت.

بۆ خوێندنەوە و دابەزاندنی تەواوی راپۆرتەكە كلیك لەسەر بەرگەكە بكە:

barg

You might also like More from author

Leave A Reply

Your email address will not be published.